گەورەترین بانك لە ئیسرائیل، 900 ملیۆن دۆلار قەرەبو دەداتە ئەمریكا

 گەورەترین بانك لە ئیسرائیل، 900 ملیۆن دۆلار قەرەبو دەداتە ئەمریكا
گەورەترین بانك لە ئیسرائیل، دوای ئەوەی سەلمێندرا لە كاری "قاچاخچییەتی پارەی باج" تێوەگلاوە، بڕی 900 ملیۆن دۆلاری وەك غەرامە دایە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا.

سەلمێندرا هاوكاری هاوڵاتیانی ئەمریكای كردوە، بۆ شاردنەوەی چەندین ملیار دۆلار لە هەزاران ئەژماری بیانیدا

بانكی هاپۆعەلیم، كە گەورەترین بانكی ئیسرائیلە، بڕی 900 ملیۆن دۆلاری رادەستی وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كرد، دوای ئەوەی سەلمێندرا هاوكاری هاوڵاتیانی ئەمریكای كردوە، بۆ شاردنەوەی چەندین ملیار دۆلار لە هەزاران ئەژماری بیانیدا، ئەوەش بەمەبەستی نەدانی پارەی باج.

وەزارەتی داد-ی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەوبارەیەوە رایگەیاند، ئەو بانكە ئیسرائیلییە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەیەكی سەر بەو بانكە لە سویسرا، بە مەزەندەی 875 ملیۆن دۆلار وەك قەرەبو دەدەنە وڵاتەكەمان، دوای ئەوەی دانپێدانانی خۆیان بە تاوانەكانیاندا بەردەستە سەبارەت بە دۆسیەی شاردنەوەی پارەی باج و سەرانە.

هاپۆعەلیم-ی ئیسرائیلی، بڕی 7.6 ملیار دۆلاری لە پێنج هەزار و 500 ئەژماری بانكیدا شاردوەتەوە

بەگوێرەی ئەو وەزارەتی ویلایەتە یەكگرتوەكان، بانكی هاپۆعەلیم-ی ئیسرائیلی، بڕی 7.6 ملیار دۆلاری لە پێنج هەزار و 500 ئەژماری بانكیدا شاردوەتەوە، بە شێوەیەكی نهێنی لە هەریەك لە وڵاتانی ئیسرائیل و سویسرا.

سەرجەم ئەو پارەیە دادەنێنەوە و وڵاتەكەمان سزایەكی توندی دارایی دەدات

بەرپرسێكی داواكاری گشتی ئەمریكا سەبارەت بەو بابەتە ئاماژەی بەوەكرد "ئەو بانكە تاوانێكی گەورەی ئەنجامداوە و دانی بە تاوانەكانیدا ناوە، بۆیە سەرجەم ئەو پارەیە دادەنێنەوە و وڵاتەكەمان سزایەكی توندی دارایی دەدات".

بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریكا، نزیكەی چوار لە گەورە بەرپرسانی جێبەجێكار لەو بانكە ئیسرائیلییەدا، كە لەنێویاندا ئەندامانی پێشوی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی هەیە، بەشێوەیەكی راستەوخۆ بەشداربون لە پلانی شاردنەوەی پارە گومرگییەكان






خەندان-
Top