پۆمپیۆ: ئامادەین بۆ هەر سیناریۆیەكی چاوەڕوانكراو لە كۆریای باكور
وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ هەر سیناریۆیەك كە چاوەڕواندەكرێت لەلایەن كۆریای باكورەوە روبدات، لەكاتێكدا دەنگۆی نەخۆشكەوتنی سەرۆكی وڵاتەكە رۆژ دوای رۆژ نوێدەكرێتەوە.
هاوشێوەی ئەوەش پێشتر هەبوە كە بۆماوەی دو هەفتە سەرۆكی كۆریای باكور لەچاو ون بێت
لەمیانی چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە رایگەیاند "شتێكی ئاسایی نییە، بەڵام هاوشێوەی ئەوەش پێشتر هەبوە كە بۆماوەی دو هەفتە سەرۆكی كۆریای باكور لەچاو ون بێت".
ئاماژەی بەوەشكرد، بێجگە لەوانەی باسكراون، هیچ شتێكی نییە بۆ وتن سەبارەت بە كۆریای باكور و كیم جۆن ئون، سەرۆكی ئەو وڵاتە. جەختیشكردەوە ئەوان وەك ویلایەتە یەكگرتوەكان لەنزیكەوە چاودێری دۆخەكە دەكەن و كاردەكەن بۆ گرەنتیكردنی ئامادەباشی لە هەر روداوێكی چاوەڕوانكراودا.
تاكە كارێكمان هەیە و ئەویش جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەیە كە لە سینگاپور ئەنجامدرا و تێیدا گرەنتیدەكات ئەو وڵاتە چەكی ئەتۆمی نییە
وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكان وتیشی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا پێشتر رونیكردوەتەوە كە چی دەگوزەرێت، تاكە كارێكمان هەیە و ئەویش جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەیە كە لە سینگاپور ئەنجامدرا و تێیدا گرەنتیدەكات ئەو وڵاتە چەكی ئەتۆمی نییە، ئێمەش دەتوانین ژیانێكی باشتر ببەخشینە هاوڵاتیانی كۆریای باكور.
پۆمپیۆ جەختیشیكردەوە، وڵاتەكەی هێشتا بەوردی چاودێری نەهێشتنی چەكی ئەتۆمی و خاڵیبونی كۆریای باشور لەو چەكە دەكات، بێ گوێدان بە گۆڕانكاری و روداوەكانی ناو ئەو رژێمە.
ماوەی دو هەفتەیە كیم جۆن ئون، سەرۆكی كۆریای باكور لە چاوی میدیا ونە و دەنگۆی نەخۆشكەوتن و تەنانەت گیانلەدەستدانیشی بە تەواوی جیهاندا بڵاوبوەتەوە، بەڵام كۆریای باكور تەواوی ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە، بێ هیچ بەلگەیەكی یەكلاكەرەوە.
خەندان-
