ترەمپ: بەڵگەم هەیە دەیسەلمێنێت سەرچاوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، تاقیگەی وهان-ە لە چین
زانیاری لەبەردەستدا هەیە، كە رێگەیبدات بڵێت سەرچاوەكەی لە چینەوەیە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئەمڕۆ هەینی لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیارێكدا تایبەت بە هەبونی زانیاری سەبارەت بە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا رایگەیاند، "زانیاری لەبەردەستدا هەیە، كە رێگەیبدات بڵێت سەرچاوەكەی لە چینەوەیە".
ئاماژەی بەوەشكرد، ناتوانێت ئەو زانیارییانە بدركێنێت پەیوەست بە لێدوانەكەی، بەڵام متمانەیەكی زۆری بە وتەكانی خۆی هەیە.
پێویستە لەسەر چین وەڵامی هەبێت بزانین ئایا هەڵەیەك رویداوە، یاخود بەمەبەست دزەیكردوە و بڵاوبوەتەوە
جەختیشیكردەوە، پێویستە لەسەر چین وەڵامی چۆنییەتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە بدات و وەڵامیشی هەبێت بزانین ئایا هەڵەیەك رویداوە، یاخود بەمەبەست دزەیكردوە و بڵاوبوەتەوە.
هاوكات لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر سەرۆكی ئەمریكا نوسیویەتی "گەیشتم بەو بەڵگە و دەرەنجامەی دەیسەلمێنێت سەرچاوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پەیمانگەی تاقیگەیی ڤایرۆسیی-ە لە وهان-ی چین".
چین لەسەر ئاستی وڵاتەكەی خۆی لێكۆلینەوەی لە چۆنیەتی سەرهەڵدانی كۆرۆنا دەستپێكردوە
گۆدین گاڵیا، نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە چین ئێورەی دوێنێ پێنجشەممە لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەزانین لەئێستادا چین لەسەر ئاستی وڵاتەكەی خۆی لێكۆلینەوەی لە چۆنیەتی سەرهەڵدانی كۆرۆنا دەستپێكردوە، بەڵام لەو قۆناغەدا ئێمە بانگهێشت نەكراوین بۆ بەشداریكردن.
ئەوەش لەكاتێكدایە، ویلایەتە یەكگرتوەكان و بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپی، چین بە هۆكاری تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەكە دەزانن و پەنجەی تۆمەتی ئاراستە دەكەن، وێڕای داواكردنی قەرەبو لەو وڵاتە.
خەندان
