جێگری ئەردۆغان: پلانی ئاساییكردنەوەی ژیان لە توركیا دەست پێ دەكات

 جێگری ئەردۆغان: پلانی ئاساییكردنەوەی ژیان لە توركیا دەست پێ دەكات


حكوومەتی توركیا پلانی داناوە كە ئیدی كار بۆ ئاساییكردنەوەی ژیان دەست پێ بکەن، بەڵام ئەو پلانە كاتی دەوێت تا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. جێگری سەركۆماری توركیا پێی وایە پلانەكە بە جوانی جێبەجێ دەكرێت، بەڵام ناكرێت بڵێین هەموو شتێك كۆتایی هات و ژیان ئاسایی بووەوە.

فوئاد ئۆكتای جێگری سەركۆماری توركیا، لە دیمانەیەكیدا بۆ رۆژنامەی (حوریەت)ی توركی، ئاماژەی دا كە بەبێ ئەوەی ئەو قازانجانەی بەدەستیان هێناوە لە دەستی بدەن ژیان ئاسایی دەكەنەوە، چونكە ناكرێت بگەڕێنەوە خاڵی سفر.

ئۆكتای باس لە پلانی حكوومەت دەكات بۆ ئاساییبوونەوەی ژیان، بەڵام ژیانی سۆسیال نابێت وەكوو جارانی لێ بێتەوە تا ماوەیەكی زۆر، بەتایبەت بەكارهێنانی ماسك و پەنجەوانە و دووربوون لە یەكتری دەبێت بەكار بهێندرێت.

ئۆكتای وڵاتەكەی بە سەركەوتوو دادەنێت لە رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و دەڵێت پلانی حكوومەت ئەوەیە لە مانگی ٥دا هەنگاوی ئاساییبوونەوەی ژیان قۆناغ بە قۆناغ دەست پێ بكات، چونكە رۆژانە تووشبوو بە كۆرۆنا و ژمارەی مردوو بەرەو كەمبوونەوە دەچێت.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا گوتی: "ناتوانین بڵێین لە جەژندا ئیدی سەركەوتن بەسەر كۆرۆنا رادەگەیەنین، چونكە تا ئەوكاتە زۆر زووە، بەڵام نەختێ ئابووریی وڵاتدا دەبووژێتەوە و بە قۆناغ ژیانیش ئاسایی دەكەینەوە".








باسنیوز
Top