ئەردۆگان لەگەڵ رەوانەکردنی فڕۆکەیەک هاوکاری پزیشکی نامەیەک بۆ ترەمپ دەنێرێت
فڕۆکەیەکی سەربازیی تورکیا کە هەڵگری کەرەستە و پێداوستی پزیشکی بو بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتە ئەمریکا
ئاژانسی هەواڵی ئەنادوڵ-ی فەرمی تورکیا بڵاویکردەوە، شەوی رابردو فڕۆکەیەکی سەربازیی تورکیا کە هەڵگری کەرەستە و پێداوستی پزیشکی بو بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا.
تورکیا بە هەمو شێوەیەک هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتودا تەندروستی جیهان بەرەو باشتر بڕوات
ئاماژەی بەوەشکردوە، رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا نامەیەکی بۆ دۆناڵد ترەمپ ناردوە تیایدا رایگەیاندوە، "تورکیا بە هەمو شێوەیەک هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتودا تەندروستی جیهان بەرەو باشتر بڕوات، بەهۆی ئەو ئەزمونەی کە لە بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا بەدەستی هێناوە لەگەڵ پەرەپێدانی توانا پزیشکییەکانیدا".
ئەردۆگان هیواشیخواستوە ئەو هاوکارییە پزیشکانەی کە ناردویەتی بۆ ئەمریکا، ببێتە پاڵپشتی بۆ ئەو وڵاتە لە بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا.
ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە پلەی یەکەمی ریزبەندی ئەو وڵاتانە جیهان دێت کە زۆرترین زیانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لێکەوتوە، ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسەکە تێیدا گەیشتوەتە زیاتر ملیۆنێک و 35 هەزار کەس، ژماری مردوانیش تێدا بەرزبوەتەوە بۆ 59 هەزار و 266 کەس.
لەبەرامبەردا تورکیا لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانەدا دێت کە زۆرترین توشوبی کۆرۆنای تێدا تۆمارکراوە، ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا تیایدا گەیشتوەتە 114 هەزار و 653 کەس.
خەندان
