داعش لە عێراقەوە داوای یارمەتیی دارایی لە پاڵپشتیکارانی ئەوروپای دەکات

داعش لە عێراقەوە داوای یارمەتیی دارایی لە پاڵپشتیکارانی ئەوروپای دەکات
دوو پاڵپشتیکاری داعش لە بەریتانیا زیندانیکران، ئەوەش بەهۆی ناردنی سەتان دۆلاری ئەمریکی بۆ چەکدارانی داعش لە عێراق.

ئەیوب نوورحوسێن و سەعید محەممەد لە کاتی دادگاییکردنیان لە "دادگای ناوەندیی تاوان" لە لەندەن دانیان بەوەدانا لەنێوان نیسان و حوزەیرانی 2019دا بڕی 2700 پاوەندیان بۆ چەکدارانی داعش لە عێراق ناردووە.

دادگا بڵاویکردەوە، ئەو دوو کەسە دەستیان بە جێبەجێکردنی پلانەکە کردووە، دوای ئەوەی نەیانتوانیوە بگەنە عێراق و سووریا تاوەکو شەڕ بۆ رێکخراوە پەڕگیرەکە بکەن.

بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئەو داعشەی سەعید پەیوەندی لەگەڵی هەبووە کەسێک بووە لە عێراق بەناوی واسەم. داعشەکەی عێراق هانی سەعیدی داوە بۆئەوەی یارمەتی دارایی لە "برایانی دەرەوە" بۆ کۆبکاتەوە.

واسەم بە سەعیدی راگەیاندووە، "براکەم، بارودۆخەکە لێرە زۆر خراپە. بارودۆخ لە عێراق لە هەموو بوارێکەوە زۆر خراپە. ئەگەر هێشتا لەوێ برامان هەن کە ئامادەبن یارمەتیمان بدەن، ئەوا پێیان بڵێ ئێستا کاتێکە کە بەڕاستی موجاهیدەکان پێویستیان بە یارمەتییە".

رێبیکا پولێت، دادوەر لە دادگاکەی لەندەن دەڵێت، وادەردەکەوێت کە واسەم پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی داعش هەبووە و گوتیشی، ئەو دوو کەسە کە رۆژی هەینیی رابردوو سزایان بەسەردا سەپێنرا لەدڵەوە پاڵپشتیکاری "ویستی تیرۆریستی" داعش بوون.

رێبیکا دەڵێت، ئەیوب نوورحوسێن رێنمایی تایبەت بە دروستکردنی بۆمبی لەبەردەستدا بووە و هەندێک ڤیدیۆی پڕوپاگەندەیی داعشی بڵاوکردوونەتەوە کە کوشتن و سەربڕینیان تێدابووە و سەعید محەممەدیش هەوڵیداوە گرووپی پاڵپشتیکاری دارایی رێکخراوە پەڕگیرەکە فراوان بکات.

ئەیوب نوورحوسێن تەمەنی 29 ساڵە و دلیڤەری بۆ فرۆشگەیەکی تایبەت بە فرۆشتنی مریشک کردووە و سزای نۆ ساڵ و نیو زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا و سەعیدیش تەمەنی 30 ساڵە بە پێنج ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن سزادرا.

ئەیوب چەند ساڵێک پێش ئێستا چووەتە بەریتانیا و مافی پەنابەرێتی پێدراوە و ساڵی 2012ش بە تاوانی دزیکردن زیندانیکراوە، سەعیدیش ساڵی 2008 چووەتە ئەو وڵاتە و بەشێوەیەکی نایاسایی لە بەریتانیا ماوەتەوە.

دادگاییکردن و سزادانی ئەو دوو پاڵپشتیکارەی داعش لەکاتێکدایە، رێکخراوە پەڕگیرەکە لە عێراق و سووریا جموجووڵەکانی زیادکردوون و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە ناوەندەکانی توێژینەوە و شرۆڤەکارانی جیهانیش هۆشداری لە بەهێزبوونەوەی داعش دەدەن.









رووداو
Top