نیویۆرك تایمز: لە توركیا ژمارەی مردوان بەهۆی کۆرۆنا دەشاردرێتەوە
رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)، لە راپۆرتێكدا باس لە بارودۆخی كۆرۆنا لە توركیا دەکات، ئەو رۆژنامەیە پێی وایە توركیا لە بەرامبەر كارەساتێكی زۆر گەورەدایە و كۆرۆنا بە چڕی لەو وڵاتەدا بڵاو بووەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەو رۆژنامەیە، لە ئیستانبۆڵ و ئەنقەرە ژمارەی مردوو ئاسایی نییە، چەندین ساڵە لەو دوو شارە ژمارەی مردوو ئەوەندە زۆر نییە، ئەمەش دەریدەخات كە ئەو كەسانە بە كۆرۆنا مردوون، توركیا ژمارەكان لە رای گشتیی دەشارێتەوە.
رۆژنامەی ناوبراو بەراوردی ژمارەی مردوانەی ساڵی پاری لەگەڵ ئێستا كردووە، بەراوردەكەش لە نێوان ٩ی ٣ تاكوو ١٢ی ٤ی ٢٠٢٠ لەگەڵ هەمان بەرواری ساڵ پار كراوە و بە گوێرەی زانیارییەكانیش دوو هەزار و ١٠٠ كەس لە ئیستانبۆڵ و ئەنقەرە زیاتر مردوون، واتە ئەو رێژەیە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار بە نائاسایی مردوون.
ئەگەرچی حكوومەتی توركیا دەڵێت ئەوانە بە هۆکاری ئاسایی مردوون، بەڵام چەند نووسەرێكی توركیا و رۆژنامەی (نیویۆك تایمز) گومانیان هەیە و دەڵێن ئەوان بەهۆی پەتای كۆرۆناوە مردوون.
باسنيوز
