خوشکێکی سەرۆکی کۆریای باکوور ئامادەکاری بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتی براکەی، دەکات.
رۆژی سێشەممە 21-4-2020، رۆژنامەی (دەیلی ئین کی) لە کۆریای باشوور، کە رۆژنامەنووسانی جیابووەوە لە کۆریای باکوور دەری دەکەن، بڵاوی کردبووەوە، کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور لە خانووێکی ناوچەی چیای کۆمگانگ لە هیانگسان لە کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی وڵات لەژێر چاودێریی پزیشکی دایە.
رۆژنامەکە ئاشکرای کردبوو، کە رۆژی 12-4-2020 نەشتەرگەرییەک بۆ دڵی کیم جۆنگ ئون کراوە و ئێستا رەوشی تەندروستی بەرەو باشبوون دەچێت.
کیم یو یونگ (تەمەن 32 ساڵ)، خوشکی کیم جۆنگ ئونە و لە ساڵی 1996 تا 2000 لەگەڵ کیمی برای لە سویسرا خوێندوویەتی و دواتر کۆلێژی سەربازی لە وڵاتەکەیدا تەواو کردووە و بەشی زانستەکانی کۆمپیوتەری لە زانکۆیەکی پیۆنگ یانگی پایتەختی وڵاتەکەی، تەواو کردووە.
ئەو ژنە، کە رۆژی 11-4-2020 بە بڕیاری کیمی برای کرایە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی کرێکارانی کۆریای باکوور، کە تاکە حزبی ئەو وڵاتەیە و کیم جۆنگ ئون سەرۆکایەتی دەکات.
زانیارییە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە کیم یو یونگ ئامادەکاری دەکات بۆ بوون بە سەرۆکی کۆریای باکوور، بەهۆی ئەوەی رەوشی تەندروستیی کیمی برای بەرەو خراپی چووە.
باسنيوز
