لە تەنگژەی کۆرۆنادا بۆچی بیرۆکەی کارکردن لە ماڵەوە لە یابان سەرکەوتوو نەبوو؟

لە تەنگژەی کۆرۆنادا بۆچی بیرۆکەی کارکردن لە ماڵەوە لە یابان سەرکەوتوو نەبوو؟
زۆر لە کارگە و کۆمپانیاکان لە جیهان، کارمەندانی خۆیان راسپارد، بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا کە لە ماڵەکانین کار بکەن، بەڵام پێدەچێ ئەم بیرۆکەیە لە یابان جێبەجێ نەکرێ، ئەویش بە چەند هۆکارێکی پەیوەست بە سروشتی خەڵکەکە.

لە تۆکیۆی پایتەخت هێشتا شەمەندەفەرەکان پڕن لە خەڵک، لەبەر ئەوەی چەندین کۆمپانیا وا هەڵسوکەوت دەکەن، وەک ئەوە هیچ رووی نەدابێت، سەرباری هەموو لێکەوتەکانی (کۆڤید- 19)، وەک ئەوەی رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە.

حکوومەتی خۆجێی تۆکیۆ، کە ژمارەی دانیشتوانی 13 ملیۆن کەسە، لەگەڵ زیادبوونی حاڵەتە نوێیەکانی چەند رۆژی رابردوو، داوا لە خەڵکەکە دەکا لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

یابان تا ئێستا سێ هەزار و 800 بەرکەوتووی ڤایرۆسی راگەیاندووە، لەگەڵ 85 حاڵەتی مردن. لەگەڵ بەردەوام زیادبوونی ژمارەی قوربانیان، داوای حکوومەتیش بۆ راگەیاندنی حاڵەتی فریاگوزاری زیادی کردووە، ئەمە بوو، کە سەرۆک وەزیران (شینزۆ ئابی) رۆژی سێشەمە داوای کردووە.

بەڵام بەگوێرەی رۆژنامە ئەمریکییەکە، هۆکاری ئەوەی، کە کارمەندانی یابان کارکردنیان لە دوورەوە پێ خۆش نەبێ "رۆشنبیریی کارکردنە لە وڵاتەکەدا". ئەم رۆشنبیرییە لای یابانییەکان هەیە، کە کار لە شوێنی کارکردندا بکەن، راستەوخۆش لەگەڵ هاوڕێکانیان لەسەر کار هەڵسوکەوت بکەن، "بە مەبەستی دەربڕینی جۆرێک لە رێز".

لە یابان، مانەوەی سەعاتەکانی کار لە شوێنی کار حوکم لەسەر کارمەندەکان دەکا، نەک بەرهەمەکەیان، ئەمەیە وا دەکا، کە بەڕێوەبەری کۆمپانیاکان لە کارکردنی کارمەندەکانیان لە دوورەوە دڵنیا نەبن.

(واشنتۆن پۆست) وتەی یەکێک لە بانکەکانی وەبەرهێنان لە تۆکیۆ گواستووەتەوە: "بەڕێوەبەرەکەمان بە دەنگێکی بەرز و راشکاوانە پێی گوتین، ئەگەر رێگام پێ دان لە ماڵەوە کار بکەن، ئەوا جەخت ناکەنە سەر کارکردن، بەڵکوو بە شتی دیکەی لاوەکی خەریک دەبن، کێ دەزانێ؟ رەنگە مەی بخۆنەوە و لە هەمانکاتیشدا خەریکی کارکردن بن".

هەر بەپێی هەمان سەرچاوە، رۆشنبیریی کارکردن وای لە یابان کردووە، کە ببێتە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکان، بەڵام لە هەمانکاتدا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە کەمتریین ئامادەیی هەیە بۆ کارکردن دوور لە شوێنی کار.

کارکردن لە ماڵەوە لە یابان وا دەخوازێ، کە پێشتر کۆمپانیاکان ئامادەکارییان بۆ کردبێ، بەتایبەت بە کاروباری پەیوەست بە تەکنیکی و لۆجیستی، بەڵام، بە گوێرەی رۆژنامەکە: "کۆمپانیاکان لە یابان بۆ ئەم بابەتە ئامادە نین".











باسنيوز




Top