رێکارە خۆپارێزییەکانی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا مۆسکۆیان چۆڵکردووە

رێکارە خۆپارێزییەکانی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا مۆسکۆیان چۆڵکردووە
مۆسکۆی پایتەختی رووسیا شوێنی نیشتەجێبوونی نزیکەی 13 ملیۆن کەسە، بەڵام بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە شەقامەکانی زۆر چۆڵن. نیوەی تووشبووانی رووسیا بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مۆسکۆ دەژین، بۆیە حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاری داوە هاتووچۆ قەدەخە بکات و بازاڕەکانی ئەو شارە دابخات.

میخائیل مشوستن، سەرۆکوەزیرانی رووسیا رایگەیاند، "بڕیاری کەرەنتینکردن بەسەر هەموو هاوڵاتیەکدا سەپێنراوە بەبێ رەچاوکردنی جیاوازیی تەمەن، تەنیا بۆ ئەوانە نەبێت کە پێویستیان بە فریاگوزاریی تەندروستی یان کڕینی پێداویستی هەیە، یان ئەوانەی هۆکاری جیددیی دیکەیان هەیە".

سەرۆکوەزیرانی رووسیا ئاماژەی بەوە کرد، "لەم دۆخەدا، ئەم رێکارانە بۆ پاراستنی خۆمان و کەسوکارمان هاوکاردەبن. داوا لە سەرکردەی هەرێمەکان دەکەم چاو لە ئەزموونی هاوکارانمان بکەن و ئەوانیش رێکاری هاوشێوە لە هەرێمەکانی خۆیان جێبەجێبکەن".

هاووڵاتییانی مۆسکۆ هاوشێوەی شوێنەکانی دیکەی جیهان بەو دۆخە رانەهاتوون، هیوای ئەوە دەخوازن دۆخەکە زوو کۆتایی پێبێت و ژیان بگەڕێتەوە سەر رێچکەی ئاسایی خۆی.

یانا، دانیشتووی مۆسکۆیە و دەڵێت، "ئەوەی روودەدات نیگەرانکەرە، بەڵام تەنیا پێشبینیی ئەرێنیم هەیە. بۆچوونم وایە ئێمە بەم نزیکانە سەلامەت دەبین و هەموو شتێک باش دەبێت".

میخایل، دانیشتوویەکی دیکەی مۆسکۆیە و دەڵێت، "پێویستە لە ماڵەوە بمێنینەوە. وڵاتەکەمان بە دۆخێکی سەختدا دەڕوات".

لە مانگی یەکەمی دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنادا ژمارەی تووشبووان لە رووسیا بە پەنجەی دەست دەژمێردران، بەڵام لەوەتەی ژمارەی پشکنینەکان زیادی کردووە، تووشبووی زیاتر دەستنیشانکراون کە ئێستا ژمارەیان گەییشتووەتە سەرووی هەزار و 800 کەس و لەو ژمارەیەش نۆ کەسیان گیانیان لەدەستداوە.







رووداو
Top