ئایا تا ئێستا کەس لە ئسیتانبۆڵ كۆڕۆنای گرتووە؟

ئایا تا ئێستا کەس لە ئسیتانبۆڵ كۆڕۆنای گرتووە؟
ڤایرۆسی كۆڕۆنا بە چڕی لە توركیا بڵاو بووەتەوە، بە جۆرێك ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ ١٠٨ بەرز بووەتەوە و ئەوانەش هەڵگری ڤایرۆسەكەن بۆ حەوت هەزار و 420 کەس بەرز بووەتەوە، بەڵام وەزارەتی تەندروستیی توركیا بە هیچ شێوەیەك باسی ناكات كە لە كام شار چەند كەس كۆرۆنایان گرتووە.

ئیستانبۆڵ ئەو شارەی بە گەورەترین شاری توركیا دادەنرێت و ژمارەی دانیشتوانەكەی ١٥ ملیۆن دەبێت، كۆڕۆنا تەنگی پێ هەڵچنیوە. ئەگەرچی وەزارەتی تەندروستیی توركیا ئاشكرای ناكات چەند كەس لەو شارە هەڵگری ئەو ڤایرۆسەن، بەڵام ئاژانسی (BBC)ی توركی ئاشكرای دەكات، لەو حەوت هەزار و 420 کەسەی كە هەڵگری كۆڕۆنان، زۆربەیان لە ئیستانبۆڵ و دەوروبەریدان.

تەنانەت ژمارەی گیانلەدەستدانیش هەر زۆربەی كەوتووەتە ئیستانبۆڵ، چونكە كاتێك ناوی كەسەكان ئاشكرا دەكرێت كە مردوون، زۆربەی لە ئیستنابۆڵ دەژین.

هەر بە گوێرەی زانیارییەكانی (BBC)، شارەوانی ئیستانبۆڵ دوو گۆڕستانی تایبەتی بۆ ئەو كەسانە دروست كردووە كە بە كۆڕۆنا گیان لەدەست دەدەن، بۆیە ئەمەش پێمان دەڵێت كە ژمارەی مردوو و هەڵگری كۆڕۆنا لە ئیستانبۆڵ زۆر زۆرترە لە چاو شارەكانی تر.

حكوومەتی توركیا فۆكسی تەواوی كردووەتە سەر ئیستانبۆڵ، دەیەوێت ئەو شارە كۆنتڕۆڵ بكات پاشان شارەكانی تر، بۆیە هەموو هاتوچۆیەكی بۆ ناو سەنتەری ئیستانبۆڵ قەدەغە كردووە. وەكو ئەوەی (BBC) باسی دەكات هۆكارەكەی ئەوەیە، كە زۆربەی بیانییەكان لە ئیستانبۆڵ دەژین و زۆربەی هاتن و چوونەكان لەو شارەوە بووە، بۆیە ئەگەری زۆرترین هەڵگری كۆڕۆنای لێ دەكرێت.

لە توركیا كۆڕۆنا بە چڕی تەشەنەی كردووە، رۆژانە وەزارەتی تەندروستیی ئاشكرای دەكات كە ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ كەس دووچاری كۆڕۆنا بوونە، بۆیە چەند نووسەرێكی توركیا ترسی خۆیان دەربڕیوە بەوەی توركیا وەكو ئیتاڵیای لێ دێت، چونكە سیستەمی تەندروستییان لاوازە و بەرگەی كۆڕۆنا ناگرێت.

دەكرێت ئەوەش باس بكرێت، لە سۆسیال میدیا و تەنانەت ئۆپۆزسیۆنی توركیاش، لە كار و هەوڵەكانی وەزیری تەندروستیی توركیا رازین و، دەڵێن توانی تا ئاستێكی زۆر خزمەت بە تەواوی توركیا بكات، لە هەمان كاتدا ئۆپۆزسیۆن رەخنە لە رەجەب تەییب ئەردۆغان دەگرێت، بەوەی رێنماییەكانی فەخرەدین كۆجا وەزیری تەندروستیی بە هەند وەرناگرێت كە داوای كردبوو باری نائاسایی رابگرێت و ئەویش رەتی كردووەتەوە.










باسنيوز


Top