بۆریس جۆنسن: رێگەی بەردەممان سەختە و خەڵکێکی زۆر لەدەستدەدەین

بۆریس جۆنسن: رێگەی بەردەممان سەختە و خەڵکێکی زۆر لەدەستدەدەین
بەریتانیا کۆتایی بە دوودڵی هێنا و رێوشوێنی تووندی لە دژی کۆرۆنا گرتەبەر؛ بەریتانییەکان بۆیان هەیە رۆژی جارێک بۆ مەشق و راهێنان لە ماڵەکانیان دەرچن، زۆر پێویست نەبێت نابێت بچنە سەر کار، بۆ کاری زۆر پێویستیش نەبێت نابێت سەردانی بازاڕ بکەن و دەبێت رێنماییە تەندرووستییەکان جێبەجێ بکەن.

بۆریس جۆنس، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێ "ئەو رێگەیەی لە پێشمانە سەختە، ئەوەش راستە بەداخەوە کەسێکی زۆر لەدەستدەدەین. رۆژ لەدوای رۆژ ئێمە سیستەمی تەندرووستیی نیشتمانیمان بەهێزتر دەکەین، ئێستا حەوت هەزار و 500 پەرستاری خانەنشینبوو گەڕاونەتەوە بۆ خزمەتکردن".

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە خەڵکی بەریتانیا دەڵێ، لەوکاتەی ئێوە لە ماڵەکانتان دەمێننەوە ئەوان هەوڵدەدەن دابینکردنی پێویستییەکان زیاتر بکەن، دەشڵێ "گەڕانەکانمان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک خێراتر دەکەین، ئێمە سەرنجمان کردووەتە سەر دۆزینەوەی پێکوتەیەک، هاوکات بە ملیۆنان پاکێجی پشکنین دەکڕین کە رێگەمان دەدات رووبەڕووی ئەم بکوژە نادیارە ببینەوە".

تووشبوون بە کۆرۆنا لە بەریتانیا لە حەوت هەزار کەس نزیکدەبێتەوە و دۆخەکە خەریکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت. پزیشکێکی پسپۆڕ لە زانکۆی کۆلێژی لەندەن هۆشداری دەدات و دەڵێ "لە سادەترین سیناریۆدا ئەگەری هەیە 30 هەزار کەس بمرن".

دکتۆر ئەمیتاڤا بانێرجی لە زانکۆی کۆلێژ لە لەندەن ئاماژە بەوە دەکات "ئەگەر ڤایرۆسەکە وەکو هەڵامەتی زستانە وەربگرین و پەیڕەوی ستراتیژیی خۆپارێزیمان کرد بەڵام ئەوەندە تووند نەبووین، لەوانەیە 30 هەزار کەسمان لێ بمرێت، بەڵام ئەگەر سیناریۆی دووەم وەربگرین کە لەوانەیە واشبێت، ئەوکاتە لەوانەیە 70 هەزار کەس لەدەستبدەین".

تاوەکو رۆژی دووشەممە کار و چالاکییەکان لە بەریتانیا بە شێوەیەکی ئاسایی ئەنجامدەدران و تەنیا رێنمایی دەردەکرا کە خەڵک خۆیان لە شوێنی قەرەباڵخ بپارێزن، بەڵام دوای زیادبوونی گوشارەکان بەسەر بۆریس جۆنسن و مردنی 335 کەس بەهۆی کۆرۆناوە، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رێوشوێنی نوێی بۆ خەڵکەکەی راگەیاند.
Top