ئیتاڵیا لە ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆنا کەوتە پێش چین

ئیتاڵیا لە ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆنا کەوتە پێش چین
ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئیتاڵیا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە سێ هەزار و 405 کەس، بەمەش لەو رووەوە کەوتە پێش چین کە ژمارەی گیانلەدەستدان تێیدا سێ هەزار و 245 کەسە.

بەپێی دوایین ئامارەکان، لە ئیتاڵیا تاوەکو ئێستا 41 هەزار و 35 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 405 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و 440 کەسیشیان چاکبوونەتەوە.

لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا لە ئیتاڵیا 427 کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و ئێستا زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدان لەسەر ئاستی جیهان لە ئیتاڵیایە.

هاوکات لە چین ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا 80 هەزار و 928 کەسن، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 245 کەس گیانیان لەدەستداوە و 70 هەزار و 420 کەسیش چاکبوونەتەوە.

لە جیهاندا ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا گەیشتووەتە 236 هەزار و 703 کەس، لەو ژمارەیەش نۆ هەزار و 828 کەس گیانیان لەدەستداوە و 86 هەزار و 676 کەس چاکبوونەتەوە.

شاری ووهان لە چین بە سەنتەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناودەبرێت، بەڵام بەپێی گوتەی بەرپرسانی چین کۆرۆنا لە چین بە گشتی و لە ووهان بەتایبەتی لەژێر کۆنترۆڵدایە. لەو شارە لە ماوەی رابردوودا 16 نەخۆشخانەی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە دروستکران و ئێستا بەهۆی کەمبوونەوە و کۆنترۆڵکردنی تووشبووانی ڤایرۆسەکە، سەرجەمیان داخراون.

رووداو
Top