دەرمانێك دەبێتە چارەسەرێكی نوێ دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا

دەرمانێك دەبێتە چارەسەرێكی نوێ دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا
نەخۆشخانەی نەیپڵس لە ئیتاڵیا رایدەگەیێنێت دەرمانێكی رۆماتیزم ئەنجامی باشی هەبوون لەسەر چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا.

د. پاولۆ ئاسیێرتۆ، سەرۆکی بەشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نەیپڵس لە ئیتاڵیا دەڵێت دەرمانی tocilizumab کە بۆ رۆماتیزمی جومگەکان بەکاردەهێندرێت، لەسەر دوو کەس لە تووشبووانی کۆرۆنا تاقییان کردووەتەوە، دەرکەوتووە کە کاریگەری زۆر باشی هەن لە چارەسەرکردنی هەوکردنی سییەکانی پەیوەست بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

د. پاولۆ ئاسیێرتۆ روونیدەکاتەوە یەکێك لە گرفتە سەرەکییەکانی تووشبووانی کۆرۆنا هەوکردنی سییەکانە، بەڵام کاتێك دەرمانەکەیان بۆ تووشبووەکان بەکارهێناوە، دەرکەوتووە گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونی زۆر لە دۆخی تەندروستی تووشبووەکان هەبووە.

پسپۆڕە ئیتاڵییەکە هاوکات دەشڵێت تەنانەت یەکێك لە دوو نەخۆشەکەی کۆرۆنا دوای بەکارهێنانی دەرمانەکە، چیدیکە پێویستی بە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد نەبووە و لە هەوای ئاساییدا هەناسەدانی گەڕاوەتەوە، دەشڵێت ئێستا هەوڵدەدەن دوو نەخۆشی دیکە بە هەمان دەرمان چارەسەر بکەن، لە ئەگەری سەرکەوتنیاندا، بەکارهێنانی دەرمانەکە فراواندەکەن.

ئێستا لە ئیتاڵیا کۆرۆنا بەخێرایی بڵاودەبێتەوە، ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە 21157 کەس، 1441 کەس گیانیان لەدەستداوە و 1966 تووشبوو چاکبوونەتەوە.
Top