کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا: کۆرۆنا رێز لە سنوورەکان ناگرێت

کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا: کۆرۆنا رێز لە سنوورەکان ناگرێت
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا بڕیارەکەی ترەمپی بۆ قەدەخەکردنی گەشتکردنی هاووڵاتییانی وڵاتە ئەوروپییەکان بۆ ئەمریکا بە "هەڵە و تاکلایەنە" ناوبرد و گوتیشی "کۆرۆنا رێز لە سنوورەکان ناگرێت".

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەشتکردنی هاووڵاتییانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپای بۆ نێو وڵاتەکەی قەدەخەکرد و ڤایرۆسی کۆرۆنای بە "بیانی" وەسفکرد.

ئێریک مامەر، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا راشیگەیاندووە، ئەوان نایانەوێ بەشێوازێکی خێرا و بێ بیرکردنەوە کاردانەوەیان بۆ بڕیارەکەی ترەمپ هەبێت.

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێ "بێگومان ئێمە وردبوونەوە بۆ ئەنجامی ئەو بڕیاری قەدەخەکردنە دەکەین و بڕیار لەسەر هەنگاوەکانی ئاییندەمان دەدەین. بەڵام گومانی تێدانییە کە ئێمە بە پەلەپەل هیچ بڕیارێک لەبارەی هیچ شتێک نادەین".

لە سەرجەم وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووتەوە، بەشێوەیەک رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێ، خەریکە یەکێتیی ئەوروپا دەبێتە مۆڵگەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە پێشتر شاری ووهانی چین بە سەنتەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ناودەبرا.

لەکاتێکدا لە چین کۆنترۆڵی ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیێندراوە، بەڵام ئیتاڵیا کە ئەندامێکی یەکێتیی ئەوروپایە ژمارەی گیانلەدەستدان و تووشبوون تێیدا زۆر خێرابووە، بەشێوەیەک تاوەکو ئێستا هەزار و 16 کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و 15 هەزار و 113 کەس تووشبوون، ژمارەی ئەو کەسانەش کە چاکبوونەتەوە هەزار و 258 کەسن.

ڤایرۆسی کۆرۆنا چییە؟

ڤایرۆسی کۆرۆنا گروپێكی فراوانی ڤایرۆسەکانە، ساڵی 1960 لە مرۆڤدا دەستنیشانکرا، نیشانەکانی هاوشێوەی نیشانەی سەرمابوونن، بەڵام لە هەندێك کەسدا تووندترن و نەخۆشییەکی کوشندەیە.

تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تووشی سەرئێشە، ئاولەلووتهاتن، کۆکە و تا، هەناسەتەنگی، ئازاری جەستە و لەرز دەبن.

سەنتەری کۆنترۆڵکردن و پێشگیریکردن لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەوە دەڵێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشێكەوە بۆ نەخۆشێكی دیکە لەڕێگەی کۆکە، پژمە و دەستلێدان دەگوازرێتەوە.
Top