سەرۆکوەزیرانی کەنەدا و هاوژینەکەی خۆیان کەرەنتین دەکەن
سۆفی گریگۆر، هاوژینی جەستن ترودۆ سەردانی بەریتانیای کردبوو، دوای گەڕانەوەی، نیشانەکانی هەڵامەتی لێ دەرکەوتبوو، بۆیە لەگەڵ ترودۆ بڕیاریانداوە خۆیان لە خەڵکی بەدووربگرن، نەوەکو تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبێت و بەهۆی ئەوانەوە خەڵکی تووش ببێت.
نیشانەکانی هەڵامەتەکەی هاوژینی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ئەمڕۆ کەمبوونەتەوە، بەڵام پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای بۆ کراوە و ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بڕیاریداوە لە ماڵەوە لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنی و ڤیدیۆییەوە ئەرکەکانی خۆی راپەڕێنێت و ئەمڕۆش کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ وەزیرانی کابینەکەی هەڵوەشاندەوە.
لە کەنەدا کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە 122 کەس، لەو ژمارەیە یەک کەس گیانی لەدەستداوە و نۆ کەسیش چاکبوونەتەوە.
لە جیهاندا ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە 133 هەزار و 83 کەس، لەو ژمارەیە چوار هەزار و 947 کەس گیانیان لەدەستداوە و 68 هەزار و 898 کەسیش چاکبوونەتەوە.
ڤایرۆسی کۆرۆنا چییە؟
ڤایرۆسی کۆرۆنا گروپێكی فراوانی ڤایرۆسەکانە، ساڵی 1960 لە مرۆڤدا دەستنیشانکرا، نیشانەکانی هاوشێوەی نیشانەی سەرمابوونن، بەڵام لە هەندێك کەسدا تووندترن و نەخۆشییەکی کوشندەیە.
تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تووشی سەرئێشە، ئاولەلووتهاتن، کۆکە و تا، هەناسەتەنگی، ئازاری جەستە و لەرز دەبن.
سەنتەری کۆنترۆڵکردن و پێشگیریکردن لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەوە دەڵێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشێكەوە بۆ نەخۆشێكی دیکە لەڕێگەی کۆکە، پژمە و دەستلێدان دەگوازرێتەوە.
