ئەمریکا هەڕەشە لە میلیشیاکانی عێراق دەکات
درەنگانی شەوی چوارشەممە 11-3-2020، بە 18 مووشەک سەربازانی سوپای ئەمریکا و بەریتانیا لە سەربازگەی تاجی لە باکووری بەغدا کرانە ئامانج و بەهۆیەوە دوو سەربازی ئەمریکی و سەربازێکی بەریتانی کوژران، جگە لە برینداربوونی 12 سەربازی دیکە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-3-2020، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، لەگەڵ دۆمینیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رێککەوتوون لەسەر سزادانی بەرپرسان لە هێرشەکەی سەر سەربازگەی تاجی.
مایک پۆمپیۆ هەڕەشەی کردووە و رایگەیاندووە، وڵاتەکەی ”هیچ لێبووردەییەک“ بەرامبەر هێرشەکەی سەر سەربازگەی تاجی نانوێنێت و هێرشبەران سزا دەدات.
هەرچەندە تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام چاودێران پێیان وایە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، کە نزیکن لە ئێرانەوە،بەرپرسیارن لە هێرشەکە.
باسنيوز
