ترەمپ: ئەمریکا ئەو لایەنە دەبێت کە پێکوتەی لەناوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستدەکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژمارەکەی لە توویتەر نووسیویەتی "ئەمریکا گەورەترین وڵاتە لە جیهان، باشترین زانا و پزیشک و پەرستار و کەسانی پڕۆفیشناڵی تەندروستیمان هەن".
سەرۆکی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەمریکا ئەو لایەنە دەبێت کە پێکوتە بۆ کۆرنا دەدۆزێتەوە و دەشڵێ "بە دروستکردنی پێکوتە لە دژی کۆرۆنا، ژیانی خەڵکی ئەمریکا و جیهان دەپارێزین".
ئەم گوتانەی سەرۆکی ئەمریکا لە گەرمەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2020ی وڵاتەکەیدایە، ترەمپ دەیەوێ ئابووری و سیستەمی تەندروستیی وڵاتەکەی بەرز راگرێت و لە هەڵمەتەکان بەکاریبهێنێت و چوار ساڵی دیکە ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا.
بەپێی سەرچاوە تەندروستییە فەرمییەکان، لە ئەمریکا تاوەکو ئێستا هەزار و 101 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، 29 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەشت کەس چاکبوونەتەوە.
هەروەها لە جیهاندا 121 هەزار و 977 تووشبووی کۆرۆنا هەن، چوار هەزار و 386 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە و 66 هەزار و 702 کەسیش چاکبوونەتەوە.
