نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا: هەموو بژاردەکان بۆ پاڵپشتیکردنی تورکیا لە سووریا بەردەستن

نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا: هەموو بژاردەکان بۆ پاڵپشتیکردنی تورکیا لە سووریا بەردەستن
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە زاری جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە پاڵپشتیکردنی تورکیا لە سووریا بەردەوام دەبن و دەڵێ "هەموو بژاردەکان بۆ پاڵپشتی تورکیا بەردەستن".

لە سەردانەکەیدا بۆ برۆکسل و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ناتۆ، جەیمس جێفری رایگەیاند "ئەمریکا تاوتوێی رێگەکانی پاڵپشتیکردنی تورکیا لە سووریا دەکات. هەموو بژاردەکان بۆ پشتگیریکردنی تورکیا لە سووریا لەڕێگەی ناتۆوە بەردەستن".

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا بەدووری زانی ئەمریکا هێزی سەربازی رەوانەی ئیدلب بکات بۆ هاوکاریکردنی تورکیا و رایگەیاند "واشنتن تاوتوێی پێشکەشکردنی پاڵپشتیی ئاسمانی دەکات".

سەبارەت بە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان رووسیا و تورکیا، جەیمس جێفری ئاماژەی بەوە کرد، رووسیا و حکومەتی سووریا گرنگی بە راگرتنی بەردەوامی شەڕ لە ئیدلب نادەن، بەڵکو ئەوان هەوڵدەدەن سەرکەوتنی تەواو لە ناوچەکە تۆماربکەن.

جێفری هۆشداریدایە رووسیا و سووریا و گوتی "ئەگەر ئەو دوو وڵاتە پێشێلی ئاگربەستەکە بکەن، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە گرتنەبەری رێکاری خێرا و لەوانەشە بە سەپاندنی سزاکان، وەڵامیان بداتەوە".

رۆژی پێنجشەممە 5-3-2020 شاندی توركیا و رووسیا به ‌سه‌رۆكایه‌تیی سەرۆکانی هەردوو وڵات له‌باره‌ی ئیدلب رێككه‌وتنێكی نوێیان واژۆكرد.

رێككه‌وتنه‌كەی تورکیا و رووسیا‌ له‌ سێ مادده‌ پێكهاتبوو كه‌ بریتی بوون له‌ راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له‌ به‌رواری به‌ره‌به‌یانی رۆژی هه‌ینی 6-3-2020، كردنه‌وه‌ی رێڕه‌وێكی ئارام به‌ درێژایی شه‌ش كیلۆمه‌تر له‌ باكوور و شه‌ش كیلۆمه‌تر له‌ باشوور له‌سه‌ر رێگای سه‌ره‌كیی M4 و ئه‌نجامدانی گه‌ڕانی هاوبه‌شی هێزه‌كانی رووسیا و توركیا.
Top