سەرجەم نەخۆشخانەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە ووهان داخران
دوایین نەخۆشخانەی شاری ووهان کە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 10-3-2020 داخراوە کە هەزار و 564 قەرەوێڵەی هەبووە، یەکەمجار لە کاژێر 9ی شەوی 5ی شووبات یەکەمین تووشبووی کۆرۆنا بۆ چارەسەرکردن برایە ناوی و لە ماوەی 34 رۆژی رابردوودا هەزار و 848 تووشبووی وەرگرتووە.
چینییەکان دڵخۆشن، پزیشکێک دەڵێت، دەبێ ئەم رۆژە بکەنە رۆژێکی مێژوویی.
رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین بەرەو کەمبوونەوە دەچن، رۆژی دووشەممە 9-3-2020 تەلەڤزیۆنی فەرمیی چین داخستنی 11 نەخۆشخانەی ووهانی راگەیاندبوو.
لە جیهاندا تاوەکو ئێستا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە چوار هەزار و 88 کەس گیانیان لەدەستداوە، 116 هەزار و 166 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و 64 هەزار و 387 کەسیش چاکبوونەتەوە. زۆرترین رێژەی گیانلەدەستدان لە چینە، بەدوای ئەودا ئیتاڵیا لە پلەی دووەم دێت و 463 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئێران پلەی سێیەمە و 291 کەس گیانیان لەدەستداوە، کۆریای باشووریش لە پلەی چوارەمە و لانیکەم 54 کەس گیانیان لەدەستداوە.
