كۆڕۆنا ڕێکخراوی ناتۆشی گرتەوە

كۆڕۆنا ڕێکخراوی ناتۆشی گرتەوە
بە گوێرەی زانیارییەكان، چەند فەرمانبەرێكی ناو بارەگای ناتۆ لە برۆكسل، تووشی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بوون و بەو هۆیەشەوە بارەگای ناتۆ بە تەواوی كەوتووەتە ژێر چاودێریی وردی پزیشكییەوە.

بەهۆی ئەوەی چەند فەرمانبەرێكی بارەگای ناتۆ بە مەبەستی گەشتكردن چووبوون ئیتاڵیا و پاشان گەڕاونەتەوە بۆ سەر كاری خۆیان، بۆیە دەركەوتووە كە دوو فەرمانبەر تووشی كۆڕۆنا بوونە و ئەوانیش لە خێزانەكانیانەوە وەریان گرتووە كە بە یەكەوە چووبوونە ئیتاڵیا.

ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا بڵاویان كردەوە، ئیدارەی بارەگای ناتۆ لە برۆكسل، هەموو ئەو فەرمانبەرانەی لەگەڵ ئەو دوو فەرمانبەرەی تووشی كۆرۆنا بوون و كاریان كردووە خستووەتە ژێر كەرەنتینەوە و لە ماڵەكەی خۆیان بۆیان نییە بێنە دەرەوە تا ئەنجامی پشكنینیان دەردەچێت.

هەر بە گوێرەی زانیارییەكان، فەرماندەیەكی سەر بە ناتۆ لە شاری مۆنسی بەلجیكاش تووشی كۆڕۆنا بووە، بۆیە خۆی و خانەوادەكەی لەژێر چاودێری پزیشكن.

رۆژنامەی (سۆڵ)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە ئیدارە بارەگای ناتۆ، پێشنیاری كردووە كە فەرمانبەرەكانیان تا ماوەیەك لە ماڵەوە كارەكانیان بكەن و سەردانی بارەگا نەكەن، بەڵام تاكوو ئێستا بڕیارەكە نەچووتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەڵام ئەوانەی نەخۆشی گورچیلەیان هەیە و ئەوانەی دووگیانن، هەروەها ئەوانەی تەمەنیا لەسەرووی ٦٠ ساڵییەوەیە، نێردراونەتەوە بۆ ماڵەوە و پێیان گوتراوە لە ماڵەوە كارەكان رایی بكەن.












باسنيوز


Top