مێژوونووسێكی توركیا: پۆتین زۆر بە خراپی لەگەڵ شاندی توركیا مامەڵەی كردووە

مێژوونووسێكی توركیا: پۆتین زۆر بە خراپی لەگەڵ شاندی توركیا مامەڵەی كردووە
بەهۆی ئەوەی ڤلادمیر پۆتین سەرۆكی رووسیا، لە كاتی سەرادنی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ رووسیا بۆ ماوەی دوو خولەك لەبەردەم دەرگا هێشتوویەتییەوە، نووسەرانی توركیا هاتوونەتە دەنگ و دەڵێن نابێت ئەو سووكایەتییە قبووڵ بكرێت. مێژوونووسێكیش پێی وایە پۆتین زۆر بە خراپی و تۆڵەئەستێنانە مامەڵەی لەگەڵ شاندی توركیا كردووە.

تەها ئاكیول مێژوونووسی بەناوبانگی توركیا، لە وتارێكدا كە ئەمڕۆ١٠ی ٣ی ٢٠٢٠ لە رۆژنامەی (قەرار)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، پێی وایە پۆتین زۆر بە رەقی مامەڵەی لەگەڵ شاندی توركیا كردووە و ئەمەش مایەی نیگەرانییە بۆ توركیا.

ئاكیول لە وتارەكەیدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە لە ساڵی٢٠١٠ بەهۆی ئەوەی توركیا سیاسەتی نزیكبوونەوەی لە ئەورووپا هەبوو و بە یاسای مافی مرۆڤدا چووەوە و چەندین چاكسازیی کرد، ئەوكات ساڵانە توركیا ٢٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە لایەن سەرمایەدارە بیانییەكانەوە هەبوو، بەڵام دوای ئەوەی توركیا لە رووسیا نزیك بووەوە، ئیدی وەبەرهێنان لە توركیا سنووردار كرا.

ئەو باس لەوە دەكات، كە پێویستە توركیا لە رووسیا دوور بكەوێتەوە و، ئیدی وەكوو ٢٠١٠ روو لە ئەورووپا بكات تا لەڕووی وەبەرهێنانەوە پێش بكەوێت.

چەندین نووسەری تری توركیاش دان بەوەدا دەنێن، كە پۆتین بەو هەڵسوكەوتەی لەگەڵ ئەردۆغاندا كردوویەتی، ویستوویەتی سووكایەتی پێ بكات و پێی بڵێت تۆ تۆمەتباریت و تۆمەتباریش دەبێت چاوەڕێ بكات.












باسنيوز


Top