ئەردۆگان لەبارەی دو پرسەوە لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا کۆدەبێتەوە

ئەردۆگان لەبارەی دو پرسەوە لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا کۆدەبێتەوە
ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ئەمڕۆ دوشەممە رەجەب تەیب ئەردۆگان سەردانی بڕۆکسل دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆسییەی کۆچبەران و قەیرانی ئێستای سوریا.

بارلیند لێنتس، وتەبێژی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دوشەممە رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی بڕۆکسل دەکات و لەگەڵ هەریەک لە چارلیز میشێڵ، سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا و ئۆرسولا ڤۆن دێر لین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا کۆدەبێتەوە.

ئەو سەردانەی ئەردۆگان بەمەستی گفتوگۆکردنە لەبارەی دۆسییەی کۆچبەرانی ئەوروپا و قەیرانی ئێستای سوریا


ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سەردانەی ئەردۆگان بەمەستی گفتوگۆکردنە لەبارەی دۆسییەی کۆچبەرانی ئەوروپا و قەیرانی ئێستای سوریا.

تورکیا دوای کوژرانی 36 سەربازی وڵاتەکەی لە بۆردومانێکی سوپای سوریا لە ئیدلیب، بڕیاریدا سنورەکانی وڵاتەکەی بەروی كۆچبەران بۆ ئەوروپا بکاتەوە


28ی مانگی رابردو، رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا دوای کوژرانی 36 سەربازی وڵاتەکەی لە بۆردومانێکی سوپای سوریا لە ئیدلیب، بڕیاریدا سنورەکانی وڵاتەکەی بەروی كۆچبەران بۆ ئەوروپا بکاتەوە.

تورکیا دەڵێت، بەهۆی جەنگ و بۆردومانەکانی سوریاوە 3.6 ملیۆن کۆچبەر رویانکردوەتە وڵاتەکەی و چیتر حکومەتەکەی ناتوانێت پێداویستی ئەو کۆچبەرانە دابین بکات، داوا لە یەکێتی ئەوروپاش دەکات یارمەتی دارایی دیکە بۆ وڵاتەکەی دابین بکات، لە بەرامبەر رێگریکرن لە پەڕینەوەی ئەو کۆچبەرانە بۆ ئەوروپا.

لەو کاتەوەی تورکیا سنورەکانی بەروی کۆچبەراندا کردوەتەوە تا ئێستا هەزاران کۆچبەر لە سنوری تورکیاوە چونەتە ناو خاکی یۆنانەوە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە تورکیا لەساڵی 2016دا، رێککەوتننامەی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا واژۆکردوە، کە بەپێی رێککەوتننامەکە تورکیا پابەندە بە رێگریکرن لەو پەنابەرانەی کە دەیانەوێت بپەڕنەوە بۆ سنوری ئەوروپا.







خەندان-
Top