دەسەڵاتدارانی سعودیە برای شا سەلمان و برازاکەی بە تۆمەتی کودەتا دەستگیر دەکەن

دەسەڵاتدارانی سعودیە برای شا سەلمان و برازاکەی بە تۆمەتی کودەتا دەستگیر دەکەن
راگەیاندنەکانی ئەمریکا بڵاویان کردووەتەوە کە دەسەڵاتدارانی سعودیە سێ شازادەی خێزانی پاشایەتیی سعودیەیان دەستگیرکردووە. دووانیان کەسی دیارن کە یەکێکیان برای شا سەلمانی پاشای وڵاتەکەیە و ئەوەی دیکەیان برازاکەیەتی. دەڵێن ئەو دوو کەسە لەسەر هەوڵی کودەتاکردن بەسەر خێزانی پاشایەتیدا دەستگیرکراون.

بەپێی زانیاریی رۆژنامەکانی ئەمریکا، شازادە ئەحمەد کوڕی عەبدولعەزیز سعود و شازادە محەممەد کوڕی نایف ویستوویانە شازادە محەممەد کوڕی سەلمان لە دەسەڵات لابدەن، بەڵام هەوڵەکانیان شکستی هێناوە و بە تۆمەتی ناپاکیی نیشتیمانی دەستگیرکراون.

شازادە ئەحمەد کوڕی عەبدولعەزیز سعود لە ساڵی 1942 لە ریازی پایتەختی سعودیە لەدایکبووە، ئەندامی پاشایەتیی سعودیەیە و برای شا سەلمان کوڕی عەبدولعەزیزە. پێشتر جێگری وەزیری ناوخۆ و وەزیری ناوخۆ بووە.

محەممەد کوڕی نایف سعود، لە ساڵی 1959 لە جەددە لەدایکبووە، برازای شا سەلمانە و یەکەم جێگری سەرۆکوەزیرانی سعودیە بووە.

شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز، برابچووکەکەی شا سەلمان یەکێک بووە لەو ئەندامانەی پاشایەتی کە هەمیشە باوەڕکراوە لە هەوڵی ئەوەدایە بەربەست بۆ شازادە محەمەد کوڕی سەلمانی 34 ساڵ دروستبکات و تاجی پاشایەتی بخاتە سەری.

لە 2017دا کاتێک محەممەد کوڕی سەلمان دەسەڵاتی شانشینی سعودیەی گرتە دەست، سەدان ئەندامی پاشایەتی لە خزم و کەسوکار و بازرگانان بە پاساوی گەندەڵی و نادڵسۆزی لە هۆتێل "ریتز کارلتۆن" زیندانی کرد و دەرگەی لەسەر داخستن تاوەکو فایلی هەموویانی پاککردەوە.

محەممەد کوڕی سەلمان لە کاتێکدا تووند دەستی بە کورسیی دەسەڵاتەوە گرتووە، لە ململانێیەکی تووندی ئابووری و سیاسیی ئێراندایە.

تاوەکو ئێستا بۆ پشتڕاستکردنەوە یان رەتکردنەوەی ئەو هەواڵانەی راگەیاندنەکانی ئەمریکا هیچ لیدوانێکی فەرمی و نافەرمی لە حکومەت و راگەیاندنەکانی سعودیەوە نەدراوە.
Top