پێنتاگۆن: پێکوتەیەک لە دژی کۆرۆنای نوێ تاقی دەکەینەوە

پێنتاگۆن: پێکوتەیەک لە دژی کۆرۆنای نوێ تاقی دەکەینەوە
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) دەست پێکردنی تاقیکردنەوەی پێکوتەیەکی لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید -١٩) راگەیاند.

بە گوێرەی راگەیاندراوێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کە لە عەمید مایکل تالی، فەرماندەی گشتیی لێکۆڵینەوە پزیشکییەکانی سەر بە هێزی وشکانیی ئەمریکاوە بڵاو کراوەتەوە، پزیشک و پسپۆڕانی تاقیگەکانی سەر بە هێزەکەی دەستیان بە تاقیکردنەوەی پێکوتەیەک لەسەر (مشکی تاقیگە) کردووە لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

هەروەها روونی کردووەتەوە کە تاقیکردنەوەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکان و خۆپاراستن لێی (ٍCDC) و چەند دامەزراوەیەکی دیکەی پزیشکی و ئەکادیمی ئەنجام دەدرێت.

ئەم کارەی دامەزراوە ئەمریکییە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک ڕێوشوێن دێت کە ئەمریکا لە دژی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گرتوویەتیە بەر.

هاوکات د. کافیۆن مودگاراد، بەڕێوەبەری سەنتەری نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە پەیمانگەی (واڵتەر ڕید)ی سەر بە هێزەکانی وشکانیی ئەمریکا رای گەیاندووە کە تاقیکردنەوەکان سەرەتا لەسەر مشک ئەنجام دەدرێت، لە قۆناغی دواتردا تاقیکردنەوە لەسەر هەندێک ئاژەڵ دەکرێت کە پێکهاتەیان لە مرۆڤ نزیکە، لە نێویشیاندا مەیمون، بەڵام هیچ وادەیەکی وردی بۆ کاتی دەست پێکردنی تاقیکردنەوەکە لەسەر مرۆڤ ئاشکرا نەکردووە.

کۆرۆنای نوێ لە ١٢ی ١٢ی ٢٠١٩ لە شاری وۆهانی چین سەریهەڵدا، تاوەکوو ئێستا لە دەوروبەری ١٠٠ وڵاتی جیهان بڵاو بووەتەوە و زیاتر لە ١٠٣ هەزار کەس لە هەموو دونیادا تووشبوون و بەهۆیەوە ٣ هەزار و زیاتر لە ٥٢٠ کەس گیانیان لەدەست داوە.











باسنيوز


Top