فەرماندەیەکی باڵای ئێرانی لە نزیک دیمەشق کوژرا

 فەرماندەیەکی باڵای ئێرانی لە نزیک دیمەشق کوژرا
فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سووریا، کوژرا.

میدیا ئێرانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، فەرماندە کوژراوەکە عەمید فەرهاد دەبیریانە، کە فەرماندەی کردە سەربازییەکانی پاسداران لە شاری تەدمور لە سووریا بووە و بەم دواییانەش کراوەتە بەرپرسی شارەوانیی ناوچەی سەیدە زەینەب لە نزیک دیمەشق.

هەروەک ئەو میدیایانە باسی دەکەن، عەمید فەرهاد دەبیریان شەوی هەینی 6-3-2020 تیرۆر کراوە، بەڵام تا ئێستا چۆنێتیی تیرۆرکردنەکەی ئاشکرا نەکراوە.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، کە لە مانگی 3ـی 2011 دەستی پێکردووە، ئێران بە ناردنی چەک و چەکدار و بە بیانووی پاراستنی مەزارە پیرۆزەکانی شیعە بە تایبەت مەزاری سەیدە زەینەب، پاڵپشتیی رژێمی سووریا دەکات.





باسنيوز
Top