رووسیا و تورکیا لەسەر دۆخی ئیدلب رێککەوتن

رووسیا و تورکیا لەسەر دۆخی ئیدلب رێککەوتن
دوای نزیکەی سێ کاژێر لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی رووسیا و سەرۆکی تورکیا، ڤلادیمیر پووتین رایگەیاند، گەیشتوون بە رێککەوتن. بەپێی رێککەوتنەکەش ناوچەی ئارام دروستدەکرێت و لە ئەمشەوەوە ئاگربەست رادەگەیێندرێت.

بەپێی رێککەوتنی نێوان ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کاژێر 00:01 خولەکی شەوی 6ی ئاداری 2020ـەوە ئاگربەست دەستپێدەکات، دەرچەیەکی ئەمنی بە قوڵی شەش کیلۆمەتر بەرەو باکوور و شەش کیلۆمەتر بەرەو باشووری رێگەی خێرای M4 دروستدەکرێت.

هەر بەپێی رێککەوتنەکەی نێوان تورکیا و رووسیا، لە رۆژی 15ی ئادارەوە گەڕانی هاوبەشی سەربازانی تورکیا و رووسیا بە درێژایی رێگەی خێرای M4 دەستپێدەکات.

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پووتین، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئەردۆغان رایگەیاند "رژێمی سووریا هەموو دانیشتووانی ئیدلبی بە تیرۆریست داناوە و رێککەوتنی ناوچەی کەمکردنەوەی گرژیی پێشێلکرد".

سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند "ئێمە لە بەرامبەر هەنگاوەکانی رژێمی سووریا دەستەوەستان ناوەستین؛ ئەمشەو ئاگربەست رادەگەیێندرێت و دواتر ئەوەی پێویستبێت دەکرێت".

هاوکات لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا پووتین ئاماژەی بەوە کرد، دەیانەوێ سەروەری و یەکپارچەیی سووریا بپارێزن و رایگەیاند "لە ئیدلب گرووپە تووندڕەوەکان سوپای سووریا و خەڵکی سڤیل دەکەنە ئامانج و لە شەڕی گرووپە تیرۆریستییەکان بەردەوام دەبین".
Top