ترەمپ مووچەکەی دەبەخشێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا
ستیفانی گریشمان، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی لە توویتەر رایگەیاندووە "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پابەندە بە بەخشینی مووچەکەی و بۆ رێزگرتن لەو بەڵێنە و زیاتر پاراستنی گەلی ئەمریکا مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2019ی دەبەخشێ بە وەزارەتی تەندروستی بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانیان لە رووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا".
بەپێی ئەو چەکی بانکەی کە سکرتێری گشتیی رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی بڵاویکردووەتەوە "سەد هەزار دۆلار" لەلایەن ترەمپەوە بەخشراوە.
لە ئەمریکا تاوەکو ئێستا نۆ کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی ئەو کەسانەش تووشی ڤایرۆسەکە بوون زیاتر لە 100 کەس دەبن.
لە جیهاندا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 159 کەس گیانیان لەدەستداوە و 92 هەزار و 808 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، 48 ژەزار و 201 کەسیش چاکبوونەتەوە.
