زەریف سوپاسی سێ وڵاتی ئەوروپی دەکات
وەزیری دەرەوەی ئێران سوپاسی سێ وڵاتی ئەوروپی دەکات، لە بەرامبەر هاوکارییەکانیان بۆ ئێران.
محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و هەرسێ وڵاتی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا هاوکاریی ئێرانیان کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ”تیرۆری ئابووریی ئەمریکا“ لە دژی وڵاتەکەی.
محەمەدجەواد زەریف پێی وایە بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە، ژیانی نەخۆشانی وڵاتەکەی بەتایبەت تووشبووانی کۆرۆنا، کەوتووەتە بەر مەترسی.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە پێداویستییەکانی وڵاتەکەشی لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کردووە و رایگەیاندووە، ئێران زۆر پێویستیی بە دەمامک، ئامێری هەناسەدانی دەستکرد، جلوبەرگی تایبەت بە نەشتەرگەری و ئامێری دەستنیشانکردنی کۆرۆنا هەیە.
پێشتر بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەندروستیی جیهانی تیمێکی پزیشکی بۆ هاوکاریکردنی ئێران لە دژی کۆرۆنا، ناردە ئەو وڵاتە و هەرسێ وڵاتی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنساش هاوکاریی پزیشکییان بۆ ئێران نارد.
تا ئێستا هەزار و 501 کەس لە ئێران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 66 کەس گیانیان لەدەست داوە.
باسنیوز
