نەخۆشخانە هەزار قەرەوێڵەییەکەی چین دادەخرێت
تەلەڤزیۆنی فەرمیی دەوڵەتی چین بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 2-3-2020 کۆتا تووشبوو لەو 34 کەسەی لە نەخۆشخانەکە مابوونەوە چاکبووە و لە نەخۆشخانە دەرچوو ئەوەش دوای ئەوەی رێژەی تووشبوون بەشێوەیەکی بەرچاو لەو شارە و هەرێمی هوبی هاتەخوارەوە.
ووهان سەنتەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و زۆرترینی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە لەو شارەی چینن کە 11 ملیۆن کەسی لێنیشتەجێبوون.
ئەو نەخۆشخانەیە یەکێک بوو لەو 16 نەخۆشخانەیەی هەرێمی هوبی کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستکرا و بەلانی کەمەوە 12 هەزار کەس لەو نەخۆشخانەیە چارەسەرکراون.
لە هەرێمی هوبی پێشتر رۆژانە بە تێکڕای 570 کەیس تۆماردەکران، بەڵام ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا کەمیکردووە و 196 کەیس لە رۆژی یەکشەممە تۆمارکراوە کە کەمترین ژمارەی تووشبووە لەو هەرێمە لە 24ـی مانگی کانوونی دووەمەوە.
بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ووهان 16 نەخۆشخانەی دروستکرد و 13 هەزار تەختی خەواندنی نەخۆشی بۆ نەخۆشخانەکانی زیادکرد، دوای ئەوەش ژمارەی تەختی خەواندنی نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی ووهان لە پێنج هەزارەوە بۆ 23 هەزار زیادیکردووە.
هەژدە هەرێم لە هەموو چین تاوەکو ئێستا باری لە ناکاویان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کەمکردووەتەوە و دواترینیان هەرێمی ژیجیانگ بوو.
تاوەکو ئێستا لە هەموو جیهان 89 هەزار و 253 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، سێ هەزار و 48 کەس گیانیان لەدەستداوە و 45 هەزار و 394 کەس چاکبوونەتەوە.
لە هەرێمی کوردستان و لە شاری سلێمانی چوار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، بەڵام پارێزگار و بەرپرسانی تەندروستی دڵنیایی دەدەن کە رەوشی تەندروستییان جێگیرە.
