کۆرۆنا بازاڕی تاران پەکدەخات
عەلی موتەقی، یەكێكە لە سەرتاشەكانی تاران دەڵێ: "لەو كاتەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ھاتووە، دۆخی بازاڕ تەواو تێكچووە. لە بەیانی زووەوە كە دێینە ئێرە تەنیا سێ بۆ چوار كەس دێن سەریان چاك بكەن. ھەندێك بەھۆی رێنمایی تەندروستی نایەن و پێیانوایە وایە ڤایرۆسەكە لەھەموو شوێنێك ھەیە".
سەرۆكی یەكێتی ھۆتێل و مۆتێلەكانی تاران رایگەیاندووە، 98%ی ھۆتێلەكانی پایتەختی ئێران داخراون و رێژەی دەرفەتی كاریش لەھۆتێلەكان بۆ 0% دابەزیوە. بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری لەسەر بازاڕی خۆراكیش دروستکردووە، بەشێوەیەك فرۆشی بەشێكی زۆر لە خواردنگەكان دوو لەسەر سێ دابەزیون و مەترسی داخرانیشیان لەسەرە.
سۆھراب موسەلا، خاوەنی دوكانێكی شیرینییە لە تاران دەڵێت: "خەڵك ترساون، دڵەڕاوكێی وایكردووە كە خەڵك خۆیان لە خواردنەمەنییەكان بەدوور بگرن، جا ئەوە كاریگەری لەسەر كاری ئێمەش داناوە".
لەرووی رێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ئێران لەدوای چین و كۆریای باشوور و ئیتاڵیا دێت، بەڵام بۆ رێژەی گیان لەدەستدانی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئێران لەدوای چین دووەم وڵاتە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەش بە ھەموو ئێراندا نیگەرانییەكانی قووڵتر و ئامادەكارییەكانیشی زۆرتر كردووە.
K24
