ئەمڕۆ لە ئیسرائیل هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە دەچێت

 ئەمڕۆ لە ئیسرائیل هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە دەچێت


ئەمڕۆ دووشەممە ٢ی ٣ی ٢٠٢٠ گەلی ئیسرائیل دەچێتە سەر سندووقی دەنگدان و بۆ ئەوەی سەرۆك وەزیرانی تازە بۆ خۆیان هەڵبژێرن، چونكە لە هەڵبژاردنی پێشوودا بنیامین ناتانیاهۆ نەیتوانی حكوومەت پێك بهێنێت و ئیسرائیل چووە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.

لە ماوەی یەك ساڵدا ئیسرائیل سێ جار چووەتە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانییەوە، چونكە لە هەڵبژاردنی پێشووتردا پارتی براوە نەیتوانیوە زۆرینەی پەرلەمان بەدەست بێنێت و سەركەوتووش نەبووە لە دروستكردنی هاوپەیمانیدا.

بەنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەم هەڵبژاردنەدا دوا دەرفەتی دەبێت، چونكە ئەگەر نەبێتە زۆرینە و نەتوانێت ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران، ئیدی ماڵئاوایی لە سیاسەت دەكات، ئەمەش بە گوێرەی زانیاریی میدیا جیهانییەكانە.

ناتانیاهو لە ماوەی دوو هەفتەی‌تردا، واتە لە ١٧ی ٣ی ٢٠٢٠ دەبێت بچێتە بەردەم دادگا و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت، چونكە تۆمەتبارە بەوەی پۆستی خۆی بۆ كاری خراپ بەكار هێناوە، هەروەها رەشوەی وەرگرتووە، بەڵام ئەو بە توندی رەتی دەكاتەوە.

ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل داوا دەكات ناتانیاهۆ لە پۆستەكەی دوور بخرتەوە، بەڵام تا ئەوكاتەی ماوەی تەمیزی بڕیارەكە كۆتایی پێ دێت، ئەو بۆی هەیە لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا بمێنێتەوە.

بنیامین ناتانیاهوی تەمەن ٧٠ ساڵ، یەكەم سەرۆك وەزیرانە كە ئەو ماوە زۆرە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بێت، هەروەها لە كۆنگرەی پارتەكەشی بەبێ سەرئێشە و ماندووبوون توانی ببێتە سەرۆكی پارتی (لیكود).

ئیسرائیل لە مانگی نیسانی ٢٠١٩ چووە ناو هەڵبژاردن، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ پارتێك نەیتوانی ببێتە زۆرینە، بۆیە لە مانگی ئەیلوولی هەمان ساڵ هەڵبژاردنیكی‌تر كرا، لەوێشدا ئەگەرچی ناتانیاهو توانی لە هەڵبژاردندا زۆرینە بێت، بەڵام نەیتوانی ببێتە خاوەنی ١٢٠ كورسی تا حكوومەت پێك بهێنێت، بۆیە ئەمڕۆ دووشەممە بۆ سێیەم جار گەلی ئیسرائیل دەچنەوە سەر سندووقی دەنگدان.







باسنیوز
Top