وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیا: ئێمه له‌به‌رده‌م سه‌ره‌تای پەتایەکداین
كاژێر به كاژێر ژماره‌ی توشبووان و گومانلێکراوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا له ئه‌ڵمانیا زیاتر دەبن، هه‌رێمی باڤاریا و هه‌رێمی نۆردراین ڤێستڤالن و باد‌ن ڤوتنبێرگ و راینلاند ڤالس 53 حاڵەتی توشبوونی كۆرۆنایان راگه‌یاندووە.
وه‌زیری ته‌ندروستی و ناوخۆی ئه‌ڵمانیا شانه‌ی قه‌یرانه‌كانیان پێكهێناوە و داوایان له هه‌رێمه‌كان كردووە پلانی تایبه‌تی خۆیان به‌م پەتایە جێبەجێ بکەن. وه‌زیری ته‌ندروستیی هه‌رێمی نۆراین ڤێستڤالیینش كه ژماره‌ی توشبووان له‌و هه‌رێمه گه‌شتووەته 35 تووشبوو.
وه‌زیری ته‌ندروستیی هه‌رێمی نۆراین ڤێستڤالیینش دەڵێ "هاوشێوه‌ی هه‌رێمه‌كانی دیكه خۆمان ئاماده‌كردووه. هه‌رێمی نۆردراین ڤێستڤالن خاوه‌نی 118 هه‌زار قه‌رەوێڵه‌یه له نه‌خۆشخانه‌كانیدا. به هه‌زاران قه‌رەوێڵه‌ی تاك هه‌ن، واتە ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌بێت جیابكرێنه‌وه ده‌توانن به ته‌نها له ژوورێكدا كەره‌نتینە بكرێن. ئه‌گه‌ر بێت و بارودۆخه‌كه زۆر خراپ بێت و به سه‌دان كه‌س تووشی كۆرۆنا ببن، ئه‌وا شانه‌ی قه‌یرانی هه‌رێمه‌كه‌مان بڕیار ده‌دات کە كام نه‌خۆشخانه به‌ته‌واوی بۆ توشبووانی كۆرۆنا ته‌رخانده‌كرێت؛ ئه‌وكات ده‌توانین دوو كه‌س له ژوورێكدا بخه‌وێنین. ئه‌مه هه‌مووی له پلانی په‌تاكه‌ماندا ئاماده‌مان كردووه و بۆ هه‌موو فه‌رمانگه‌كانی ته‌ندروستیمان ناردووه و هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كمان كردووه له پلانه‌كەماندا، به‌ڵام دووباره ده‌ڵێم کە ئه‌م هه‌رێمه 18 ملیۆن دانیشتووی هه‌یه و ته‌نها 35 تووشبووی كۆرۆنامان تۆماركردووه، له‌و 35 كه‌سه‌ش، ته‌نها حەوت كه‌سیان له نه‌خۆشخانه‌ن، ئه‌وانی دیكه له كەرەنتینه‌دان، سوپاس بۆ خوا به قورسی نه‌یانگرتووە".
له‌م نەخۆشخانەیەکی زانكۆی شاری دووسلدۆرف ئێستا دوو تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ژێر چاودێریی پزیشكیدان، ژن و مێردێكن، ژنه‌كه ته‌مه‌نی 46 ساڵه و له باخچه‌یه‌كی منداڵان كاری كردووە، پیاوه‌كەش تەمه‌نی 47 ساڵە و باری ته‌ندروستیی ناجێگیرە، هه‌ردووكیان له ناوچه‌ی هاینسبێرگەوە هاتوون. ئێستا نزیكه‌ی هه‌زار كه‌س له‌و ناوچه‌یه له‌ناو کەرەنتینەدان و قوتابخانه و باخچەکانی منداڵان له‌م ناوچه‌یه داخراون، رێوشوێنی تووند گیراوه‌ته‌به‌ر و كه‌س نابێت ماڵەکەی به‌جێبهێڵێت. تاوەکو ئێستاش سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەم شارە نەدۆزراوەتەوە.
به‌ڕێوەبه‌ری نه‌خۆشخانه‌ی زانكۆی شاری دووسلدۆرف له نایه‌مه‌كی تایبه‌تدا ده‌ڵێ "ئه‌و كه‌سانه‌ی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون له نه‌خۆشخانه‌كه‌مان له شوێنی تایبه‌ت و ژێر چاودێریی چڕوپڕی پسپۆڕانی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه و پسپۆڕانی تایبه‌ت به ڤایرۆسن. داوا له هاووڵاتییان ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر گومانی نیشانه‌كانی كۆرۆناتان به‌دیكرد، سه‌ردانی نۆرینگه‌كانی پزیشك نەکەن، به‌ڵكو به ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی به پزیشكه‌وه بكه‌ن تاوەکو بگەنه ماڵه‌كانتان و چاره‌سه‌رتان بكه‌ن. داواده‌كه‌ین بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وەی كۆرۆنا پاكوخاوێنیی خۆتان بپارێزن، باشترین رێگە ده‌ستشۆردنه به سابوون بۆ زیاتر له 20 چركه، هەروەها پێش نانخواردن و دوای نانخواردن، دوای بەرکەوتن له‌گه‌ڵ هەر ئاژەڵێک. ده‌ستت له دەموچاوت مەدە. لەکاتی پژمین ده‌ستەسڕ بەکاربێنن و خۆتان بەدووربگرن له‌و كه‌سانه‌ی كه هه‌ڵگری ئه‌و ڤایرۆسه‌ن. سه‌ردانی شوێنی قه‌ره‌بالخ كه‌مبكه‌نه‌وه".
له هه‌موو هه‌رێمه‌كانی ئه‌ڵمانیا هێڵی گەرم ئامادەکراوە، هەرکەسێک بیەوێت زانیاری ده‌رباره‌ی ئه‌و ڤایرۆسه بزانێت ده‌توانێت په‌یوه‌ندی بەو هێڵە گەرمانەوە بکات.
نی‌نا، کاری گوڵفرۆشی دەکات لە به‌رامبه‌ر نه‌خۆشخانه‌ی شاری دووسلدۆرڤ، ده‌زانێت كه توشبووانی كۆرۆنا له نه‌خۆشخانه‌كه‌ی به‌رامبه‌ریه‌تی و رۆژانه به ده‌یان كه‌س سه‌ردانی ده‌كه‌ن، بەڵام لەگه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناترسێت و دەڵێ "من به به‌رده‌وامی ده‌ستم ده‌شۆم، ئه‌وه زۆر ده‌كه‌م به‌ڵام ده‌مامك ناكه‌م، چونكه ره‌نگه وه‌ك بێڕێزی بێت به‌رامبه‌ر به كڕیاره‌كانم. ئێستا زۆرترین كارم شۆردنی دەستەکانمە كه پێش كۆرۆنا بەم شێوەیە نەبووم. كه‌مێك مرۆڤ تووشی دڵه‌ڕاوكێ ده‌بێت، بەڵام رێگه ناده‌م ترسم لا دروست ببێت".
حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا ده‌یه‌وێت هه‌موو هه‌وڵێك بدات تاوەکو رێگربێت له بڵاوبوونەوەی ئه‌و ڤایرۆسه، هه‌ربۆیه شانه‌ی قه‌یرانه‌كان كه له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ناوخۆ و ده‌ره‌وه و وه‌زاره‌تی هاتووچۆ پێكهاتووە، بڕیاری ئه‌و رێکارانە ده‌ده‌ن كه له ئەڵمانیا دەگیرێنەبه‌ر.
