تورکیا ژمارەی پەنابەرانی نایاسایی دەرچوو لە وڵاتەکەی ئاشکرا دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 1-3-2020 سۆلەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) رایگەیاندووە، تا کاتژمێر 9:55 خولەکی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 76 هەزار و 358 پەنابەری نایاسایی لە ئەدەرنە بەرەو ئەوروپا چوون.
لەو بارەیەوە ئۆرسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاندووە، یەکێتیی ئەوروپا بە نیگەرانییەوە لە کردنەوەی رێگا بۆ پەنابەرانی نایاسایی لەلایەن تورکیاوە، دەڕوانێت.
لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 27-2-2020ـەوە تورکیا بۆ گوشارخستنە سەر وڵاتانی ئەوروپا بۆ پاڵپشتیکردنی لە شەڕی دژی رژێمی سووریا لە ئیدلیب، دەرگای بەڕووی پەنابەرانی نایاسایی بۆ ئەوروپا کردەوە و پەنابەرەکانی بە پاس و تەکسی گەیاندە دوا خاڵی سنووریی وڵاتەکەی.
باسنيوز
