ترەمپ بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان دەدات
سەرۆکی ئەمریکا گەڕاندنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان بەشێوەیەکی خێرا، رادەگەیەنێت.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دوای واژۆکردنی رێککەوتنی راگرتنی شەڕ لەنێوان وڵاتەکەی و بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانی، رایگەیاندووە، هێزە ئەمریکییەکان لەماوەی 14 مانگ لە ئەفغانستان دەکێشنەوە.
کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بەرامبەر دوو مەرجی ئەمریکایە بۆ تاڵیبان، کە بریتین لە؛
- کۆتاییهێنان بە پەیوەندیی تاڵیبان لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە.
- بەردەوامیی تاڵیبان لە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.
بەپێی رێککەوتنەکە، کە رۆژی شەممە 29-2-2020 لە دەوحەی پایتەختی قەتەر واژۆکرا، ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ماوەی 135 رۆژدا هەشت هەزار و 600 سەرباز لە ئەفغانستان دەکێشنەوە.
تاڵیبان بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی توندڕەوەی ئەفغانییە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەل رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە هەیە و بە یەکێک لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دادەندرێت.
تاڵیبان لە ساڵی 1994 دروست بووە و لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی ئەفغانستاندا گرت و بەهۆی پاڵپشتیکردنی رێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە، ئەمریکا لە ساڵی 2001 حوکمڕانیی تاڵیبانی رووخاند.
باسنیوز
