دەیان نووسەر و رۆشنبیری توركیا داوا لە حكوومەت دەكەن دەستبەرداری سووریا بێت
لە نامەیەكدا كە ئیمزای دەیان نووسەر و مامۆستای زانكۆی توركیای لەسەرە، داوا دەكەن چیتر با سەربازی توركیا لە خاكی وڵاتێكی تر نەكوژرێت.
ئەو نووسەرانە لە نامەكەدا دەنووسن: "با لە سووریا بكشێنەوە و با سەربازەكانمان بگەڕێنەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان، چونكە رۆڵەی ئێمە لە وڵاتێكیتر دەكوژرێت و لەبەردەم چاوی دنیاش توركیا بە كەمی سەیر دەكرێت و بە بچووك دەمانبینن".
ئەو نووسەرانە باس لەوە دەكەن، كە توركیا بووەتە ماشەی وڵاتە ئیمپریالیست و گرووپە ئاینییە تیرۆریستەكان، بۆیە وای بۆ دەچین كە بۆ رێگریكردن لەو بارودۆخە نالەبارەی کە تووشی توركیا بووەتەوە، با سەربازەكانمان لە سووریا بكشێنینەوە.
دوای كوژرانی ٣٣ سەربازی توركیا لە ئیدلیب، چەندین نووسەر و رۆشنبیری توركیا، لە نووسینەكانیاندا داوا لە توركیا دەكەن دەستبەرداری خاكی سووریا ببێت.
هاوکات لە تازەترین داواكاریشدا، دەیان نووسەر و مامۆستای زانكۆ لە نامەیەكدا باس لەوە دەكەن، كە توركیا بووەتە پەلەپیتەکەی وڵاتانی زلهێز و پێوستە لە سووریا بكشێتەوە.
باسنيوز
