پسپۆڕان: کۆرۆنا زیانی 22 ملیار دۆلار لە گەشتوگوزاریی جیهان دەدات

پسپۆڕان: کۆرۆنا زیانی 22 ملیار دۆلار لە گەشتوگوزاریی جیهان دەدات
سەرۆکی ئەنجوومەنی گەشت و گەشتیاریی جیهانی دەڵێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانێکی زۆر بە گەشتیاری دەگەیێنێت، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیارانەوە، لەوانەش گەشتیارانی چینی.

گلۆریا گیڤارا بە میدیای ئیسپانی راگەیاند، "هێشتا زۆر زووە زیانە ئابوورییەکانی ئەم ڤایرۆسە بزانین، بەڵام ئەنجوومەنی گەشت و گەشتیاریی جیهانی لەگەڵ کۆمپانیای زانستیی ئابووریی ئۆکسفۆرد پێکەوە هەڵسەنگاندنێکی سەرەتاییان کردووە و ئەنجامەکەی ئەوە دەردەخات، کۆرۆنا بەلایەنی کەمەوە زیانی 22 ملیار دۆلار بە کەرتی گەشتیاریی جیهان دەگەیێنێت".

گلۆریا ئاماژەی بەوەکرد، لە هەڵسەنگاندنەکەیاندا پشتیان بە کاریگەری ڤایرۆسەکانی دیکەی وەک سارس و ئەنفلەوەنزای بەراز و کەمبوونەوەی گەشتی گەشتیارانی چینی لەماوەی ئەم چەند هەفتەیەی رابردوودا بەستووە، ئەوە لەکاتێکدایە، "چینییەکان کاتێک گەشت دەکەن زۆرترین پارە خەرجدەکەن".

بەڵام شارەزایانی دامەزراوەکە پێیانوایە، ئەگەر دۆزینەوەی چارەسەر بۆ نەخۆشییەکە درێژە بکێشێت، ئەوا زیانەکەیشی زۆر زیاتر دەبێت. بۆ نموونە، سارس لە تشرینی یەکەمی 2002 بڵاوبوەوە و چارەسەرکردنی تاوەکو تەمموزی 2003ی خایاند. شارەزایانی دامەزراوەکە دەڵێن، ئەگەر کۆرۆنا هێندەی سارس درێژە بکێشێت، ئەوا زیانەکەی دەگاتە نزیکەی 50 ملیار دۆلار.

شارەزایانی دامەرزاوەکە دەڵێن، فلیپین، تایلاند، کەمبۆدیا و ماکاو و هۆنگ کۆنگ سەرەکیترینی ئەو وڵات و هەرێمانە دەبن کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە زیانی گەورەی ئابوورییان لەم بوارەوە بەردەکەوێت.
Top