توركیا لەبەردەم هەڕەشەی سێ ملیۆن ئاوارەی دیکە دایە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، بەردەوام ترسی هاتنی سێ ملیۆن ئاوارەی لە ئیدلیبەوە بۆ توركیا بە گوێی ئەورووپادا داوە، بەڵام بەهۆی فراوانبوونی شەڕ لەو شارە، هاتنی ئاوارە بە كردەوە دەستی پێ كردووە.
رۆژنامەی (قەرار) باس لەوەش دەكات، كە هاتنی ئەو ئاوارانە بۆ توركیا ئێستا كە مەزەندە دەكرێت سێ ملیۆن ئاوارە بن، قورساییەكی گەورەی ئابوورییە بۆ سەر توركیا، چونكە رووسیا گوێ بەوە نادات چەند كەس ئاوارە دەبێت، سووریاش پێی خۆشە ئیدلیب كەسی تێدا نەمێنێت تا بە ئارەزووی خۆی هێرشی بكاتە سەر، بۆیە تاكە رێگا لەبەردەم توركیا رێگای دیبلۆماسییە لەگەڵ رووسیا تا رێگە لەو شاڵاوی ئاوارەیە بۆ توركیا بگرێت.
رێككەوتنی ئاستانە بووەتە بەڵایەكی گەورە بۆ سەر توركیا، چونكە رووسیا بەردەوام باس لە جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە دەكات، كە لە رێككەوتنەكەدا ئاماژە دراوە توركیا گرووپە چەكدارەكانی ناو ئیدلیب دەربهێنێت و ناوچەیەكی ئارامیان بۆ بكاتەوە.
لە بەشێكیتری ئەو رێككەوتنەدا هاتووە، كە پێویستە توركیا هەموو چەكە قورس و سووكەكان لە گرووپە چەكدارەكان بستێنێتەوە، بەڵام هێچیان جێبەجێ نەكراوە، هەمان رۆژنامە ئاماژەی بەوەش داوە توركیا لە ئیدلیب تووشی بەڵای خۆی بووە، كە دەرچوونی لەو بەڵایە ئەستەمە بووی.
باسنيوز
