کۆریای باشور: هۆشداری بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا دەگەیەنینە بەرزترین ئاست

کۆریای باشور: هۆشداری بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا دەگەیەنینە بەرزترین ئاست
ئەمڕۆ پێنجەمین حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆریای باشور تۆمارکرا، سەرۆکی وڵاتەکەش رایگەیاند، هۆشداری بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا بۆ بەرزترین ئاست بەرزدەکەنەوە.

دەزگای راگەیاندنی فەرمی کۆریای باشور "یوهاب" ئەمڕۆ یەکشەممە لە زاری مون جییە، سەرۆکی کۆریای باشور رایگەیاند، "ئاستی مەترسی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا لەوڵاتدا گەیشتوەتە بەرزترین ئاست".

ئاماژەی بەوەشکرد، توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوە بە گەورەترین مەترسی لە وڵاتەکەدا، حکومەتی کۆریای باشور هەمو رێوشوێنێکی پێویست بۆ رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرسەکە دەگرێتەبەر.

ئەمڕۆ 123 حاڵەتی نوێی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆریای باشور تۆمارکراون، بەوەش کۆی گشتی توشبوانی ئەو ڤایرۆسە گەیشتە 556 کەس لەگەڵ پینج حاڵەتی گیانلەدەستدان.

زیاتر لە نیوەی توشبوان لەو کەسانەبون کە سەردانی کەنیسەیەکی شاری دایگۆیان کردبو، لە ژنێکی تەمەن 61 ساڵەوە ئەو ڤایرۆسەیان بۆ گواسترابوەوە، کە لەو کەنیسەیە خزمەتی دەکرد، لە کۆریای باشور بە "نەخۆشی ژمارە 31" ناسراوە و بەهیچ جۆرێک سەردانی چینی نەکردبو.

لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری ناوەندی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسەکە لە کۆریای باشور رایگەیاند، "لەئێستادا لێکۆڵینەوەکانمان لە دایگۆ بەردەوامە، بە ناوچەیەک سەیری دەکەین کە لەڕێگەیەوە ئەگەری بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکە بۆ هەمو کۆمەڵگا هەیە".

دایگۆ شارێکە کە دانیشتوانەکەی 2.5 ملیۆن کەس دەبێت، لەو ناوچەیەی کە ڤایرۆسەکە تێیدا دۆزراوەتەوە 43 هەزار هاوڵاتی تێدا نیشتەجێن.

بەگوێرەی دوایین ئامار، توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا گەیشتوەتە 78 هەزار و 766 کەس و لەو رێژەیەش %97.67 یان بە تەنها لە وڵاتی چین تۆمارکراون، هاوکات زیاتر لە 23 هەزار کەسیش دوای توشبون بەو ڤایرۆسە و وەرگرتنی چارەسەری لە نەخۆشخانەکان دەرچون.

دوێنێش تیدرۆس ئەدهانۆم گیبیریسۆس، بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، "هەرچەندە توانای رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە بە جیهاندا لەدەستچوە، بەڵام هێشتا هەلی لەناوبردنی ڤایرۆسەکە هەر ماوە".






خەندان
Top