ئاگربەست بۆ هەفتەیەک لەنێوان ئەمریکا و تاڵیبان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
محەمەد ئەسلام ، دانیشتووی کابوولە و دەڵێت، "زۆر خۆشحاڵم بە راگەیاندنی ئاگربەست، نزادەکەین ئاگربەستی هەمیشەیی بۆ ئەفغانستان بێتە دی".
سەید ئەخبار، دانیشتوویەکی دیکەی کابوولە و دەڵێت، "داوا لە حکومەتی ئەفغانستان دەکەین گفتوگۆ بەزوویی بکات، بۆ ئەوەی هەموو خەڵکی کابوول و ناوچەکانی دی لە ئاشتیدا بژین".
ئەگەر هاتوو ئەم ئاگربەستە لەلایەن تاڵیبانەوە بە باشی پەیڕەوکرا، 29ی شوبات ئاگربەستی هەمیشەیی لەنێوان ئەمریکا و ئەو گرووپە چەکدارییە واژۆدەکرێت و کۆتایی بە شەڕی ئەفغانستان دێت کە بە درێژترین شەڕ لە مێژووی شەڕەکانی ئەمریکادا دادەندرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "لەگەڵ تاڵیبان دانووستان دەکەین. دەمێکە دانووستانیان لەگەڵدا دەکەین. دوایی دەبینین بە چی دەگات. دەرفەتی گەیشتن بە رێککەوتنمان لەبەردەمە، ئەمە دەرفەتێکە".
ئاگربەست لەگەڵ تاڵیبان هیچ کام لە داعش و قاعیدە و گرووپە چەکدارییەکانی دیکە ناگرێتەوە، هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان بەدرێژایی دانووستانەکان لە ئامادەباشیدا دەبن.
ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان ئاماژەی بەوە کرد، "من وەکو فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، پێتان رادەگەیێنم کە هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی بەرگری لە هەفتەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لەلایەن تاڵیبان لەسەر کار و بەرنامەی خۆیان دەڕۆن. ئاسایش و هێزی بەرگریمان لە پێگە بەرگرییەکانیان دەمێننەوە، جگە لە تاڵیبان، هێزەکانمان لە رووبەڕووبونەوەی داعش و قاعیدە و گرووپە تیرۆرستییەکانی دیکە بەردەوام دەبن".
بەرپرسانی ئەمریکا دان بەوەدا دەنێن کە ئاگربەست لەگەڵ تاڵیبان هەروا ئاسان نابێت، بەڵام کە جێبەجێکرا، هێزەکانی ئەمریکا ئەفغانستان بەجێدەهێڵن کە لە 2001ـەوە خۆیان و خەڵکی سڤیل قوربانی دەدەن.
