ئەمریکا و تاڵیبان رێککەوتننامە واژۆدەکەن

ئەمریکا و تاڵیبان رێککەوتننامە واژۆدەکەن
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی خۆی ئامادە ەکات بۆ واژۆکردنی رێکەوتنێک لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبان کە پێدەچێت کۆتایی بە شەڕی 18 ساڵی ناوخۆی ئەفغانستان بهێنێت.

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "ئەگەر لێکتێگەیشتنەکەی نێوان شاندی ئەمریکا و تاڵیبان سەرکەوتوبێت، ئەوا لە 29ی ئەم مانگەدا رێککەوتنەکە لە دۆحەی پایتەختی قەتەرە واژۆدەکەین".

بە ماوەیەکی کورت دوای واژۆکردنەکە دانوستاندنی نێوان تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانی دەستپـێدەکات


ئاماژەی بەوەشکرد، بە ماوەیەکی کورت دوای واژۆکردنەکە دانوستاندنی نێوان تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانی دەستپـێدەکات.

چەندینجار حكومەتی ئەمریكا و بزوتنەوەی تاڵیبان دانوستان و گفتوگۆیان بەمەبەستی رێككەوتن لەسەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەبەرامبەر كۆتایهێنان بەتوندوتیژییەكان ئەنجامداوە


پێشتر چەندینجار حكومەتی ئەمریكا و بزوتنەوەی تاڵیبان دانوستان و گفتوگۆیان بەمەبەستی رێككەوتن لەسەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەبەرامبەر كۆتایهێنان بەتوندوتیژییەكان ئەنجامداوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامی توندوتیژییەكانی تاڵیبانەوە دانوستانەكان بەرهەمێكی نەبوە.

تاڵیبان لایخۆیەوە راگەیاندوە، لایەنەکان بەر لە واژۆکردنی رێککەوتنەکە دۆخێکی ئاسایشی گونجاو دەهێننە ئاراوە.

کەمکردنەوەی توندوتیژیـیەکان لەمڕۆ شەممەوە دەستپـێدەکات و هێزە ئەمنیەکانی ئەفغانستانیش دەگرێتەوە


جەواد فەیسەڵ، وتەبێژی ئاسایشی نشتیمانی ئەفغانستان رایگەیاند، کەمکردنەوەی توندوتیژیـیەکان لەمڕۆ شەممەوە دەستپـێدەکات و هێزە ئەمنیەکانی ئەفغانستانیش دەگرێتەوە.

زیاتر لە ساڵێکە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەگەڵ بزوتنەوەی چەکداری تاڵیبان لە دانوستاندندایە، ئەگەر ئەم رێککەوتنە سەربگرێت ئەوا نزیکەی نیوەی ئەو 13 هەزار سەربازەی ئەمریکا لە ئەفغانستانن ئەو وڵاتە جێدەهێڵن.

رێككەوتنێك لەنێوان سوپای ئەفغانستان و هێزە نێودەوڵەتییەكان و بزوتنەوەی تاڵیباندا كراوە، بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژییەكان


دوێنێ هەینی بەرپرسێكی باڵای ئەفغانستان بە ئاژانسی رۆیتەرز-ی راگەیاند، رێككەوتنێك لەنێوان سوپای ئەفغانستان و هێزە نێودەوڵەتییەكان و بزوتنەوەی تاڵیباندا كراوە، بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژییەكان بۆ ماوەی حەوت رۆژی دیكە.










خەندان
Top