بەشێک لە ئاوارەبووانی سووریا زیندانێکی کۆن دەکەنە ماڵ
بە گوێرەی خەمڵاندنێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشەکەی سەر ئیدلب لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، نزیکەی 900 هەزار کەسی لەو ناوچانە ئاوارەکردووە
ئەبو ئەحمەد، ئاوارەیە و لەو زیندانە شوێنێکی کردووەتە پەناگە بۆ خۆی و خێزانەکەی، دەڵێت، "75 خێزان هاتوونەتە ئێرە، لەو کاتەوە ئێمە هاتووینەتە ئێرە و رووبەڕووی سەختی ژیان بووینەتەوە. سەربانی گرتووخانەکە دڵۆپە دەکات و هیچ دەرگە و پەنجەرەیەکی نییە".
سەرماوسۆڵە زۆری بۆ خێزانە ئاوارەبووەکانی ئەو گرتووخانەیە هێناوە و هەر چی دەستیانبکەوێت دەیسووتێنن بۆ ئەوەی خۆیان و منداڵەکانیان پێ گەرمبکەنەوە بەبێ گوێدانە بۆن و دووکەڵی ئەو پیسیەی عەلاگە و پلاستیک دروستیدەکات.
بەشێک لە ئاوارەکان گلەیی لە نەبوونی خۆراک دەکەن و دەڵێن، خۆراک زۆر کەمە و ئامرازەکانی خۆگەرمکرنەوەش کەمن. هەر هۆڵێکی زیندانەکە سێ خێزانی تێدا دەژین. هەر ژوورێکی گەورە سێ خێزانی تێدایە، تەنانەت ژوورە تاکە کەسییەکان یەک خێزانی تەواویان تێدا دەژین. لەگەڵ ئەوەشدا بنمیچەکەی ئاو دەدزێتەوە. "خودا لێرە ئازادمانکات".
بۆ هەندێک لە منداڵانیش نووستن لە شوێنێک کە پێشتر پڕبووە لە تاوانکار، مایەی ترسە و ناتوانن شەوانە بە ئارامی بخەون.
موحەممەد حەسەن، منداڵێکی ئاوارەیە و دەڵێت، "ئەم زیندانە شوێنی تاوانکارانبووە و ئێستا ئێمە تێیدا دەژین، چونکە سوپا شوێنەکانی ئێمەی داگیرکرد و ئێستاش ئێمە زۆر لە دیوارەکانی ئەم زیندانە دەترسین. من و هاوڕێکانم دەترسین، چونکە هەموو ئەم ژوورانە کەسانی تاوانکاری تێدابووە".
هێزەکانی حکومەتی سووریا بە پشتیوانی رووسیا بەردەوامن لە هێرشەکەیان بۆ سەر ئەو ناوچانەی کە لە دەستی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆندا ماون. نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداریدەدات لە کەوتنەوەی کارەساتی مرۆیی لە ئەنجامی ئاوەرەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی ئیدلب و هەندێ ناوچەی پارێزگای حەلەب.
