سبەی لە ئێران یازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت

سبەی لە ئێران یازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت
بە گوتەی وەزیری ناوخۆی ئێران، بڕیارە سبەینێ هەینی 2020.2.21 یازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران، لە 55 هەزار شوێن و لە 208 بازنەی هەڵبژاردن لە 31 پارێزگای ئێران بەڕێوە بچێت.

لەمبارەوە عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی، وەزیری ناوخۆی ئیران بە میدیا فەرمییەکانی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندووە بۆ بەڕێوەچوونی یازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، بەگشتی زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر دەستنیشان کراون.

لەمبارەوە جەمال عورف، سەرۆکی ناوەندی هەڵبژاردنی ئێران، بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە: "بەگشتی لە ئێران 57 ملیۆن و 918 هەزار و 159 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لەو کۆیە دوو ملیۆن و 931 هەزار کەس بۆ یەکەم جارە دەنگ دەدەن و لە هەموو ئێران حەوت هەزار و ١٤٨ کاندید، بۆ بەدەستهێنانی 290 ی پەرلەمان پێکەوە پێشبڕکێ دەکەن.

پەسەندکردنی شیاوبوونی ئەو پاڵێوارانە لە کاتێکدایە کە بەگشتی لە سەرتاسەری ئێران 16 هەزار و 145 کەس بۆ یازدەیەمین خولی هەڵبژاردن ناوی خۆیان تۆمار کردبوو، کە لەو ڕێژەیە نزیکەی 56٪یان شیابوونیان ڕەت کراوەتەوە.

بەپێی زانیاری و داتاکان باڵی ڕیفۆرمخوازەکانی ئیران بڵاویان کردووەتەوە کە لە چەند قۆناغی پاڵاوتنی کاندیداکاندا ٩٠٪ی کاندیدەکانی ئەوان ڕەت کراوەتەوە.

ئێستا لەناو پەرلەمانی ئێران، لە کۆی 290 کورسیی پەرلەمان باڵی بناژۆخواز خاوەنی 240 کورسییە و باڵی ڕیفۆرمخوازیش تەنیا 50 کورسییان هەیە.

لە چوار پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بۆ یازدەیەمین خولی هەڵبژاردن 345 کەس خۆیان کاندید کردووە و بۆ بەدەستهێنانی 29 کورسیی پەرلەمان پێشبڕکێ دەکەن.

سەرجەم حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێرانیان بایکۆت کردووە و بەتایبەت "ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی کوردستانی ئێران" بە چەند ڕاگەیەندراو داوایان لە لایەنگرانی خۆیان کردووە بەشداریی هەڵبژاردن نەکەن و نەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

لە کاتێکدا سبەینێ لە ئێران هەڵبژانردی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت، کە ماوەی دوو ڕۆژە تەندروستیی ئێران بە فەرمی دانی بەوەدا ناوە کە دوو کەس بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە و سێ کەسی دیکەش تووش بوون.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە ناخۆجێیەکان، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران لەمێژە لە ئارا دایە، بەڵام حکوومەتی ئێران لەبەر ئەم هەڵبژاردنە هەتا ئیستا بێدەنگیی لێ کردووە و ئەمەش خەڵکی زیاتر تووڕە کردووە.

چالاکوانانی سیاسی و دژبەرانی حکوومەتی ئێران لەو باوەڕە دان لەوانەیە ترسی تووشبوان بەو ڤایرۆسەش ببێتە هۆی ئەوەی ڕێژەیەکی کەم بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، هەرچەند قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان و بێکاری و سەرکوتی خەڵک لە چەند مانگی رابردوودا هۆکارن بۆ ئەوەی خەڵکێکی کەم بەشداریی هەڵبژاردنی ئێران بکەن.












باسنيوز


Top