تورکیا.. بەهۆی نزیكبوونەوە لە كورد سێ ئەندام پەرلەمان دەستیان لەكار كێشایەوە
لە توركیا دوو هاوپەیمانی هەیە، یەكەمیان هاوپەیمانیی (كۆماری) لە نێوان (ئاكەپە و مەهەپە) دووەمیان هاوپەیمانیی (میللەت) لە نێوان (جەهەپە و پارتی باش و پارتی سەعادەت)، بەڵام باس لە دروستبوونی هاوپەیمانیی سێیەمیش دەكرێت.
ماڵپەری (T24)ی توركی ئاشكرای دەكات، كە ئەو. ئەندام پەرلەمانانەی پارتی باش، بۆیە دەستیان لەكار كێشاوەتەوە، چونكە نیگەران بوون لەوەی جەهەپە كە هاوپەیمانی پارتی باشە لە هەدەپە نزیك بووەتەوە و پاڵپشتیان دەكات، پارتی باشیش هیچ هەڵوێستێكی نەبووە، واتە دەستلەكاركێشانەوەی ئەوان، پەیوەندی بە نزیكبوونەوەی هاوپەیمانی (میللەت) بووە لە هەدەپە.
چەند ماڵپەڕێكی توركی ئاشكرای دەكەن، كە باس لەوە دەكرێت لەناو توركیا هاوپەیمانی سێیەم لە نێوان (پارتی ئاییندە، پارتی سەعادەت، پارتی دیموكرات) دروست ببێت، هەروەها ئەگەر عەلی باباجانیش پارتە راگەیاند، ئەوكات ئەویش دەچێتە ناو ئەو هاوپەیمانییەوە.
لەناو هەرسێ هاوپەیمانیدا كورد هەیە، واتە هەدەپە كە پارتێكە لە هەناوی باكوور دروست بووە بوونی نییە، بەڵام هەدەپە بە شێوەیەكی ئاشكرا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا لە ئیستانبۆڵ و ئەنقەرە و نێرسین و ئەدەنا، هیچ كاندیدێكی نەبوو و پشتگیری لە هاوپەیمانی (میللەت) كرد.
یەكێك لەو هۆكارانەی كە وای كردووە هیچ پارتێكی سیاسی هەدەپە نەخاتە ناو هاوپەیمانیی خۆیەوە، تۆمەتباركردنی هەدەپەیە بەوەی باڵێكی سیاسی پەكەكەن و بە تیرۆرست ناوی دەبەن، بەڵام هەدەپە لەناو پەرلەمانی توركیا خاوەنی ٦٣ كورسییە و ٦ ملیۆن دەنگی لە توركیا بەدەست هێناوە، بۆیە زۆر جار سیاسییەكان دەڵێن غەدرێكی گەورە لە هەدەپە دەكرێت كە بە تیرۆرست ناوی دەبەن.
باسنيوز
