رۆحانی: ئەمریکا چەندینجار بەنامە داوای گفتوگۆ و دانوستانی کردوە

 رۆحانی: ئەمریکا چەندینجار بەنامە داوای گفتوگۆ و دانوستانی کردوە
سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە جێگەی ئەوەی بتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ سولەیمانیدا بکات، بەڵام "ترسنۆکانە شەهیدیکرد".

حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لە وتارێکدا لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی رایگەیاند، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، هۆکاری بەرقەراربونی ئاسایشی ناوچەکە بو، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە جێگەی ئەوەی بتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ سولەیمانیدا بکات، "بەشێوەیەکی ترسنۆکانە کوشتی".

سێی مانگی رابردو بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەبۆردومانێکی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە بەغدا، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حشدی شەعبی و نۆ کەسی دیکەش کوژران.

رۆحانی باسی لەوشەکرد، "ئەمریکا چەندینجار بە نامە داوای گفتوگۆ و دانوستانی لە ئێران کردوە، بەڵام تاران ئەنجامدانی گقتوگۆی دوقۆڵی لەگەڵ واشنتندا رەتدەکاتەوە".

رونشیکردەوە، "باشترین رێگە بۆ وەستان بەڕوی ئەمریکادا بەشداریکرنە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئێران، بەهەوڵەکانی پەرلەمان و حکومەتی ئێران، توانیومانە قەبارەی بەرهەمهێنان لەوڵاتەکەمان بەرزبکەینەوە و کاریکەری فشارە ئابورییەکانی ئەمریکا کەمبکەینەوە".

ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە راگەیاند، کە بەمەستی دانانی سنورێک بۆ چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە نێوان ئەمریکا و ئێران و وڵاتانی ئەوروپا واژۆکرابو.

دوێنێ سێشەممە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، خەڵکێکی زۆر لە پێشوازی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئێراندا وەستاون، ئەوەش یەکێتی ئێران لە دژی دوژمنەکانی دەردەخات.





خەندان
Top