هیندستان بەهۆی لێدوانێکی ئەردۆغان هەڵوێست دژی تورکیا وەردەگرێت
ئەمڕۆ دووشەممە 17-2-2020، وەزارەتی دەرەوەی هیندستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بۆ گەیاندنی پەیامی ناڕەزایی حکوومەتی هیندستان، بانگهێشتی شاکر ئۆزکان تورونلار، باڵوێزی تورکیایان کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی هیندستان هەروەها رایگەیاندووە، لێدوانەکەی رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا ”هیچ تێگەیشتنێکی بۆ مێژووی ناکۆکییەکانی کشمیر تێدا نەبوو“.
رافیش کۆمار، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان رایگەیاندووە، ئەو لێدوانەی ئەردۆغان نموونەیەکی دیکەیە لە دەستوەردانی تورکیا لەکاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکە و ”هیندستان دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی، قبوڵ ناکات“.
هەفتەی رابردوو لە میانی سەردانێکیدا بۆ پاکستان، رەجەب تەییب ئەردۆغان رایگەیاندبوو، هەڵوەشاندنەوەی حوکمی خۆڕێبەریی کشمیرییەکان بارودۆخەکەی ئاڵۆز کردووە. ”تورکیا هاوسۆزە لەگەڵ گەلی کشمیری هیندستان“.
باسنيوز
