16 کرێکاری هیندستان لە عێراقەوە گەڕێندرانەوە وڵاتەکەیان
میدیاکانی هیندستان بڵاویان کردەوە، کرێکارەکان لەلایەن نووسینگەیەکی گەشتیاری لە شاری حەیدەرئاباد لە باشووری هیندستان فریودراون، بە بەڵێنی دۆزینەوەی کار و باشتربوونی ژیان و گوزەرانیان ڤیزەی عێراقیان بۆ وەرگرتوون و رەوانەی ئەو وڵاتە کراون.
سەرجەم 16 کرێکارەکە لە هەرێمی تیلانگانا لە باشووری هیندستانەوە هاتبوون و دوای وەرگرتنی ڤیزەی عێراق بە ماوەیەکی کورت، ڤیزەکانیان بەسەرچووە و ئەوانیش لە عێراق گیریانخواردووە.
ئاشکرابوونی رەوشی کرێکارەکان دوای ئەوە هات، لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە و تێیدا داوایان لە حکومەتی وڵاتەکەیان کرد بەهانایانەوە بچێت و رزگاریان بکات لەو ژیانەی ناو عێراق کە بە دۆزەخ ناویانبردووە.
لە ماوەی رابردوودا و لە کەیسێکی هاوشێوەدا، چوار ژنی هیندی خزمەتکاری ناو ماڵانی شاری کوەیتی پایتەختی کوەیت، بەهۆی رەوشی خراپی ژیانیانەوە و بەسەرچوونی ڤیزەکانیان، داوای رزگارکردنیان لە حکومەتی وڵاتەکانیان کرد.
