ئەو پیاوەی لە ئەڵمانیا ویستی ئاگر لەخۆی بەربدات عێراقییە

ئەو پیاوەی لە ئەڵمانیا ویستی ئاگر لەخۆی بەربدات عێراقییە
ئەو پیاوەی دوێنێ هەوڵیدا لە میونشن خۆی بسوتێنێت خەڵکی عێراقە. پۆلیس دەڵێت، ئەو کەسە پلانی نەبووە ئازار بە خەڵکی بگەیێنێت و تەنیا ویستویەتی ئازارگەیاندنەکە خۆی بگرێتەوە.

پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاند، پیاوەکە بە رەچەڵەک عێراقییە، تەمەنی 50 ساڵە و دانیشتووی ئەڵمانیایە و ویستویەتی لەو رێگەیەوە سەرنجی بەرپرسانی وڵاتانی بەشدار لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بۆ بارودۆخی سیاسیی عێراق و مەینەتییەکانی خەڵکی عێراق رابکێشێت.

رۆژی شەممە نزیکەی 400 کەس لە شاری میونشن کۆبوونەوە و دژی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن خۆپێشاندانیان ئەنجامدا.

ئەو پیاوە عێراقییەش سەرەتا لەناو خۆپێشاندەراندا نەبوو، بەڵام دواتر بەنزینی رژاند بەسەر خۆیدا و بە چەرخێکەوە رایکرد بۆلای ئەو خەڵکە ناڕازیە.

پۆلیس دەڵێت، پیاوەکە کەمێک برینداربووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆئەوەی چارەسەری بۆ بکرێت.
Top