وەزیری دەرەوەی ئێران: عێراقییەکان تۆڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی دەکەنەوە
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەگەرهەیە عێراقییەکان تۆڵەی کوژرانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بکەنەوە.
محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە میونیخ رایگەیاندووە، ئێران بە فەرمیی تۆڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی کردووەتەوە.
محەمەدجەواد زەریف بە دووری نەزانی لایەنی دیکەی ”نائێرانی“ش تۆڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی لە ئەمریکییەکان بکەنەوە و رایگەیاندووە، ”رەنگە عێراقییەکان“یش تۆڵەی کوژرانی سولەیمانی بکەنەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران پێی وایە کوژرانی سولەیمانی لەسەر خاکی عێراق، عێراقییەکان دژی ئەمریکا هان دەدات.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8-1-2020، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری پارێزگای کرماشانەوە، ژمارەیەک مووشەکی (سوپای عێراق دەڵێت 22 مووشەک بووە) ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سنووری پارێزگای ئەنبار (17 مووشەکیان لە پارێزگای ئەنبار کەوتە خوارەوە) و پارێزگای هەولێر (یەک مووشەک لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە، چوار مووشەکیش دیار نییە لە کوێ کەوتوونەتە خوارەوە) کرد.
محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، هێرشەکە وەک تۆڵەکردنەوەیەک بوو بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئیدی وڵاتەکەی هیچ هێرشێک ناکاتە سەر ئەمریکا، تەنیا بەرگریی لەخۆی دەکات.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنیوز
