حەفتەر رەدی دەکاتەوە شەڕ رابگرێت و پێداگرە لەسەر گرتنی تەرابلوس
خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی سوپای نیشتمانیی لیبیا لە گوتەیەکیدا رایگەیاند، هێزەکانی ناگەڕێنەوە تاوەکو تەرابلووسی پایتەخت نەگرن و سازش لەسەر بنەماکان ناکات.
فەرماندەی سوپای نیشتمانیی لیبیا ئاماژەی بەوە کرد، "لە گەیشتن بە ئامانج ناگەڕێینەوە. ئەوەندەمان نەماوە دەست بەسەر تەرابلووسدا بگرین".
لەبارەی گوتەکانی حەفتەرەوە عەماری زاید، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی حکومەتی تەبایی نیشتمانی رایگەیاند، گوتەکانی لیوای خانەنشینکراو ئاماژەن بۆ ئەوەی کە بە درێژایی ماوەی رابردوو دوای کۆکردنەوەی هێز هەوڵی داوە کات بەدەستبهێنێت بە ئامانجی نوێکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر تەرابلووس.
عەماری زاید باسی لەوە کرد، پێداگریی حەفتەر لەسەر بەردەوامیی شەڕ لەگەڵ حکومەتی تەباییدا کاریگەریی رۆڵی وڵاتە پشتیوانەکانی لەو کارەدا دەسەلمێنێت کە تێکدانی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانە لەبارەی راگرتنی شەڕەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی حکومەتی تەبایی نیشتمانی جەختی لەوە کردەوە، تاوەکو حەفتەر هەبێت، هیچ چارەسەرێکی سیاسی لە لیبیادا سەرناگرێت.
پێشتر بە دەستپێشخەریی تورکیا و رووسیا رۆژی 12-01-2020 بڕیاری راگرتنی شەڕ لەنێوان حکومەتی تەبایی و هێزەکانی حەفتەردا درا.
